كوتلەی سەدر: داواكاری كازمی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پڕۆژەیەكی سیاسییە

دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و داوایه‌ ده‌خرێته‌ڕوو

K24 - هەولێر:

ریاز محەمەد، پەرلەمانتاری كوتلەی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رایگه‌یاند، داواكاری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوختە لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، پڕۆژەیەكی سیاسییە بۆ كەمكردنەوەی فشاری جەماوەرییە لەسەر حكومەتەكەی.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون گوتی: "هیچ دەقێكی یاسایی لە دەستووری عێراقدا نییە، كە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، لە ماددەی 64ـدا بە روونی باسی ئەوە كراوە، لە كاتێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت، كە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشێنرێتەوە"، ئاماژەی بەوەشدا، "داواكەی كازمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پڕۆژەیەكی سیاسییە. مەبەست لێی بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانەیە، كە لەلایەن جەماوەر و لایەنە سیاسییەكانەوە دەخرێنە سەر حكومەت، بەتایبەت لەبارەی قەیرانی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و پەتای كۆرۆنا".

هه‌روه‌ها گوتی: "كازمی هەوڵیداوە بەو لێدوانەی ئاراستەی جووڵەی سیاسی و ئەو فشارەی رووی لە حكومەتەكەیەتی، بەرەو هێزە سیاسییەكان و پەرلەمان بگۆڕێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی: "كازمی ئەو تۆپە ئاگرینەی بەرەو حكومەتەكەی ئاراستە كرابوو هەڵیدایە ئەنجوومەنی نوێنەران".

دووپاتیكردەوە، "دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن كازمییەوە نادەستوورییە. ئەم جۆرە بڕیارانە لە دەسەڵاتی حكومەت نییە".

ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی رابردوو كوتلەی سائیرون جەختیكردەوە، هەر وادەیەك لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكبكەون، ئێمە هیچ لاریمان نییە، كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوەندە لای ئێمە گرنگ نییە ئەوەندەی رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر جۆری بازنەكانی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵ لە لامان گرنگە.

H.B