ئەمینداری حزبێكی دیاری لوبنانی لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەیرووتدا كوژرا

تا ئێستا زیاتر لە 30 كوژراو و 3 هەزار بریندار هەن

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەیرووتی پایتەختی لوبناندا، نزار نەجاریا، ئەمینداری "كەتائیبی لوبنانی" كوژرا.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێل بی سی" لوبنانی بڵاویكرده‌وه‌، نەجاریا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە كە لەسەری بوو، لەناو ماڵی ناوەندی كەتیبەكە گیانی لەدەستدا.

لەلایەكی دیكەوە حەمەد حەسەن، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە تەقینەوەكەدا تا ئێستا كوژرانی 30 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 3 هەزار كەس پشتڕاست كراوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەكی بەهێز بەیرووتی پایتەختی لوبنانی هەژاند و زیانی گیانی و ماددی زۆر بەر نزیكەی نیوەی شارەكە كەوت و بینا و باڵەخانەكانی دەوروبەری تەقینەوەكەش تەختی زەوی بوون.

تا ئێستا هۆكاری تەقینەوەكە نەزانراوە، بەڵام گومان دەكرێت لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیدا بێت، هەندێك زانیاریش ئاماژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی حزبوڵڵا دەكەن، بەڵام هەریەك لە ئیسرائیل و حزبوڵڵا ئەو هەواڵە رەتدەكەنەوە.

H.B

نزار نەجاریا، ئەمینداری گشتیی كەتائیبی لوبنانی لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەیرووتدا كوژرا
نزار نەجاریا، ئەمینداری گشتیی كەتائیبی لوبنانی لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی بەیرووتدا كوژرا