له‌ باره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ی به‌یرووت په‌نجه‌ی تۆمه‌ت رووی له‌ حزبوڵڵایه‌

حزبوڵڵا پابەندی پێوەرەكان نەبووە

K24 - هەولێر:

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئەمەریكی پەنجەی تۆمەتی تەقینەوە كارەساتبارەكەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان بۆ حزبوڵڵا درێژ دەكەن. ئه‌وان ده‌ڵێن بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكان، تەقینەوەكەی دوێنێ بەهۆی كەمتەرخەمی ئەو حزبەوە بووە و لە ئەمباركردنی مەترسیدارترین ماددەكانی تەقەمەنیدا پابەندی پێوەرەكان نەبووە.

به‌ گوێره‌ی زانیاری ئه‌و سه‌رچاوانه‌، زۆربەی كارە ئیدارییەكان لە بەندەری بەیرووت لەژێر كۆنترۆڵی حزبوڵڵای لوبنانی دان، بەبێ ئەوەی لە راپەڕاندنی كارەكاندا پابەندی رێنمایی و پێوەرەكانی سەلامەتی بێت و تەنیا گرنگی بەو داهاتە زۆرەی پارە دەدات، كە لە بەندەرەكەوە دەستیدەكەوێت، هەربۆیە ئەنجامەكانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی سێشەممە روویدا، كارەساتبار بوون و شاری بەیرووتی وێران كرد.

هەواڵگری ئەمەریكا لە كۆتایی هەڵسەنگاندنەكەیدا دووپاتیكردەوە، كۆنترۆڵی حزبوڵڵای لوبنانی لەسەر بەندەری بەیرووت هۆكاری سەرەكی پشت ئەو كارەساتە بووە.

ئەو سەرچاوانەی هەواڵگری ئەمەریكا، كە ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە، جەختیانكردەوە، "حزبوڵڵای لوبنانی لەو بەندەرە سەرپەرشتیی چەندین پرۆسەی تاوانكاریی رێكخراو دەكات، لەوانەش: بەقاچاغبردنی كاڵا بەبێ ئەوەی باجەكەی بە دەوڵەت بدات، هەروەها بەقاچاغبردنی چەند ماددەیەكی دیاریكراوی قەدەغەكراو لەسەر ئاستی جیهان".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4ی ئاب تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری بەیرووت لە پایتەختی لوبنان روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 4 هەزار كەسیش بریندارن، وێڕای ئەوەی هێشتا ژمارەیەكی زۆری قوربانیان لەژێر دار و پەردووی خانوو و باڵەخانە وێرانبوو و رووخاوەكان ماون و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا ژماری قوربانیان روو لە هەڵكشان بكات.

ئەمەش لەكاتێكدا، لە لایەك قەیرانی دارایی و لە لایەكی دیكەشەوە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا لەو وڵاتە تەنگی بە دەسەڵاتدارانی ئیداری و تەندروستی هەڵچینیوە.