دەستێكی شاراوە سامانی ماسی لە عێراق ژەهراوی دەكات

لەماوەی 2 ساڵدا دووەم جارە ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە

K24 - هەولێر:

بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك، بە سەدان تەن سامانی ماسی لە عێراق له‌ناو ده‌چێت. به‌ گوێره‌ی لێدوان و به‌دواداچوونه‌كان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ ده‌ستێكی شاراوه‌، له‌ پشت ژه‌هراویكردنی ئاوی رووباره‌كان بێت، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ملیۆنان ماسی له‌ناو ده‌چن.

دوای لەناوچوونی ملیۆنان ماسی و سه‌رئاوكه‌وتنیان لە لێواری یەكێك لە هۆراوەكان، لیژنەی هاوبەشی وەزارەته‌كانی كشتوكاڵ و ته‌ندرووستی و ژینگە سەردانی هۆراوی دەلمەجی لە نێوان پارێزگاكانی واست و دیوانییە لە ناوەڕاستی عێراق كرد، بۆ ئەوەی سامپڵی ماسییە لەناوچووەكان وەربگرن و دوای ئەنجامدانی پشكنین هۆكاری لەناوچوونیان بزانن.

لەیس عوبەیدی، توێژەی بواری ژینگە و پسپۆڕی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان رایگەیاند، لەناوچوونی ئەو ژمارە زۆرەی ماسی لە هۆراوی دەلمەج لە 2ی ئەم مانگەوە، بەهۆی ژەهراویكردنی رێڕەوی باكووری هۆراوەكەوەیە.

گوتیشی: لەناوچوونی ماسییەكان بەردەوامە. تا ئێستا بە دەیان تەن لەناوچوون، بەڵام ئەمڕۆ رێژەی لەناوچوونیان كەمترە، بەراورد لەگەڵ دوو رۆژی رابردوو.

هه‌روه‌ها گوتی: بەگوێرەی گرێبەستێكی واژووكراو، راوكردنی ماسی و باڵندە لەو هۆراوە بە كەسایەتییەكی ناوچەكە سپێردراوە، بۆیە ژمارەیەك ماسیگر و كەسانی دیكە كە لەوانەیە دژایەتییان لەگەڵ خاوەن گرێبەستەكە هەبێت، هۆراوەكەیان ژەهراوی كردووە.

روونیكرده‌وه‌، ئەو شوێنەی ژەهرەكە لێیەوە هەڵدراوەتە ناو ئاوەكە، بیابانە و لە كۆنترۆڵی ئەمنیدا نییە. هیچ خاڵێكی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس لەو ناوچەیە نین، بۆیە ساڵی رابردووش رووبەڕووی هەمان كارەسات بووەوە.

ئاشكراشیكرد، ئاوەكە بە درێژایی نزیكەی 50 كیلۆمەتر ژەهراوی كراوە.

سه‌رچاوه‌: سپۆتنیك