به‌رپرسانی باڵای ئێران به‌م جۆره‌ باسی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت ده‌كه‌ن

خامنه‌یی په‌یامێكی ئاراسته‌ی لوبنانییه‌كان كرد

K24 - هەولێر:

بەرپرسانی ئێران هەڵوێستی خۆیان لەبارەی تەقینەوەكەی دوێنێی شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان راگەیاند، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس كوژران و زیاتر لە 4 هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەم بارەیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هاوسۆزی خۆی بۆ لوبنان راگەیاند و دووپاتیكردەوە، "ئەو تەقینەوەیە كارتێكی ئاڵتوونییە، خۆڕاگری لوبنانییه‌كان ده‌بێته‌ هۆی شانازی لوبنان".

لە لایەكی دیكەوە، غولام رەزا جەلالی، سەرۆكی رێكخراوی بەرگری شارستانی ئێران گوتی: "ئەگەری ئەوە هەیە تەقینەوەكەی بەیرووت مەبەستدار بێت. لەلایەن دوژمنانی بەرەی بەرگرییەوە ئەنجام درابێت".

گوتیشی: پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی حكومەتی لوبنان لەبارەی ئەو كارەساتەوە بكەین. دەبێت ئەو تەقینەوەیە ببێتە پەندێك بۆ هەموو وڵاتانی دیكە بۆ دیاریكردنی شوێنی گونجاو و پرۆتۆكۆڵی ئەمباركردنی ماددە كیمیاییەكان و بیر لەوە بكرێتەوە، لە ئەگەری هەر رووداوێكی نەخوازراو كەمترین زیانی بۆ خەڵكی مه‌ده‌نی هەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە دامەزراوە مەترسیدارەكان لە شارەكان و شوێنەكانی نیشتەجێبوون دوور بخرێنەوە".

ئەمە دوای ئەوە هاتووە: هەر ئەمڕۆ چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئەمەریكی پەنجەی تۆمەتی ئەو تەقینەوە كارەساتبارەی بەیرووتیان بۆ حزبوڵڵا درێژ كرد.  جەختیانكردەوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكان، تەقینەوەكەی دوێنێ بەهۆی كەمتەرخەمی ئەو حزبەوە بووە. كه‌ لە ئەمباركردنی مەترسیدارترین ماددەكانی تەقەمەنیدا پابەندی پێوەرەكان نەبووە.

به‌ گوێره‌ی زانیاری ئه‌و سه‌رچاوانه‌، زۆربەی كارە ئیدارییەكان لە بەندەری بەیرووت لەژێر كۆنترۆڵی حزبوڵڵای لوبنانیدان، بەبێ ئەوەی لە راپەڕاندنی كارەكاندا پابەندی رێنمایی و پێوەرەكانی سەلامەتی بێت و تەنیا گرنگی بەو داهاتە زۆرەی پارە دەدات، كە لە بەندەرەكەوە دەستی دەكەوێت، هەربۆیە ئەنجامەكانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی سێشەممە روویدا، كارەساتبار بوون و شاری بەیرووتی وێران كرد.

هەواڵگری ئەمەریكا لە كۆتایی هەڵسەنگاندنەكەیدا دووپاتیكردەوە، كۆنترۆڵی حزبوڵڵای لوبنانی لەسەر بەندەری بەیرووت هۆكاری سەرەكی پشت ئەو كارەساتە بووە.

ئەو سەرچاوانەی هەواڵگری ئەمەریكا كە ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە، جەختیانكردەوە، "حزبوڵڵای لوبنانی لەو بەندەرە سەرپەرشتیی چەندین پرۆسەی تاوانكاریی رێكخراو دەكات، لەوانەش: بەقاچاغبردنی كاڵا بەبێ ئەوەی باجەكەی بە دەوڵەت بدات، هەروەها بەقاچاغ بردنی چەند ماددەیەكی دیاریكراوی قەدەغەكراو لەسەر ئاستی جیهان".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4ی ئاب تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری بەیرووت لە پایتەختی لوبنان روویدا. بە هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 4 هەزار كەسیش بریندارن. وێڕای ئەوەی هێشتا ژمارەیەكی زۆری قوربانیان لەژێر دار و پەردووی خانوو و باڵەخانە وێرانبوو و رووخاوەكان ماون. پێشبینیدەكرێت لە داهاتوودا ژماری قوربانیان روو لە هەڵكشان بكات.

ئەمەش لەكاتێكدا، لە لایەك قەیرانی دارایی و لە لایەكی دیكەشەوە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا لەو وڵاتە تەنگی بە دەسەڵاتدارانی ئیداری و تەندروستی هەڵچینیوە.

سه‌رچاوه‌: RT