جەلیل گادانی، تێکۆشەری دێرینی کورد کۆچی دواییکرد

K24 - هەولێر

جەلیل گادانی، یەکێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە چەندین دەیە بەرپرسیارییەتی جیاوازی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان بەدەستەوە بووە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

جەلیل گادانی، لە ساڵی 1934 لە شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، یەكێك لەو تێكۆشەرە دێرینانەیە كە لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا لە مەھاباد مێرمنداڵ بووەو لەو كاتەوە تێكۆشانی سیاسی دەستپێكردووە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدک)، جەلیل گادانی ماوەی هەفتەیەک بوو بۆ چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، بەڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستی، گیانی له‌ده‌ستدا‌.

یەكەمین قوتابخانەی نھێنیی شەوانە لە ساڵی 1944 لە ماڵی جەلیل گادانی دروستبووە، ساڵی 1972 بەكالۆریۆسی لە زمانی فەرەنسی لە زانكۆی تاران وەرگرتووە و ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان و چەندین دەیە بەرپرسیارییەتی جیاوازی لەو حیزبە بەدەستەوە بووە.

جەلیل گادانی لە سەردەمی محەمەد رەزا شا، ماوەی 13 ساڵ لە زینداندا بووە، ھەر لە زیندان سێ زمانی دیكە فێربووە و چەند كتێبێكی وەرگێڕاوە.

جەلیل گادانی پێشتر لە دوو دۆکیومێنتەریی کوردستان24 بەناوەکانی "ئەفسانەی نەتەوەیەک"، کە باسی ژیانی مەلا مستەفا بارزانی دەکات لەگەڵ دۆکیومێنتەرییەکی دیکە بە ناونیشانی "کۆماری کوردستان"، شایەدی لەسەر رووداوە مێژووییەکان داوە.

لەبارەی مەلا مستەفا بارزانی، جەلیل گادانی لە دۆکیومێنتەرییەکەدا دەڵێ "کاتێک دەهات، هەستم بەوە دەکرد زۆر میهرەبان و لەسەرخۆیە لەگەڵ پێشمەرگەکان و ئەوانەی لەبەر دەرگا دەوەستان، من هەرچەندە منداڵ بووم، هەڵسوکەوتەکەم پێ جوان بوو و حەزم دەکرد هەرکاتێک دێت، بیبینم".

هەروەها لە دۆکیومێنتەریی کۆماری کوردستاندا باسی 13 وەزیرەکەی کۆماری کوردستان دەکات و دەڵێ "سیستەمێکی رێکوپێک بۆ ئیدارەی وڵات دامەزرابوو".

 

هـ.ر.