رێگاکانی دەرەوەی هەولێر بە گوژمەی 10 ملیار دینار چاککراونەتەوە

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە گوژمەی 10 ملیار دینار، رێگاکانی دەرەوەی ھەولێر چاککراونەتەوە، ئەمە تەنھا لە قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەم و سێیەمیش سەرجەم رێگاکانی دەرەوەی پارێزگاکە، کە پێویستیان بە چاککردنەوەیە، چاکدەکرێنەوە.

لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند ئەو رێگایانە پۆلێن دەکرێن، بۆ ئەوەی دیاریبکرێت لە چ قۆناغێکدا پێویستە چاکبکرێنەوە، پاشان بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان دەکرێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی ھەولێر 80٪ـی شەقامەکانی ناو شاری ھەولێریان چاککردەوە، بە شێوەیەک ھەفتانە سەرووی 600 تۆن قیر لە چاککردنەوەی ئەو شەقامانە بەکاردێت و، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و لەسەر داھاتی ناوخۆی شارەوانییەکان بودجەی بۆ تەرخانکراوە.

دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرووی 40 ملیار دینار بۆ چاککردنەوەی سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان تەرخانکرا.

لە ماوەی کەمتر لە 70 رۆژ پرۆسەی چاککردنەوەی رێگا سەرەکییەکان کۆتایی ھات، لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ستراتیجی لە بواری رێگاوبان جێبەجێدەکات و، بەشێکیان خەریکە کارەکانیان تەواودەکرێت و دەخرێنە خزمەتی ھاووڵاتییان.