وەزیری ناوخۆ و پلاسخارت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێكرد
K24 - ھەولێر:
وەزیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدايان تاوتوێكرد.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق كۆبوونه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاساییکردنەوەی ره‌وشی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دۆخی ئێستای ئاوارە و پەنابەران و دوایین ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی كوردستان باسکران.
ھەردوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستووری ھەمیشەیی عێراق، بەتایبەتیش ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و به‌تایبه‌ت لە کەرکووک و شنگال.
ھەروەھا باشترکردنی دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکاندا و ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان تەوەرێکی دیكەی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.