هاووڵاتیان پێش ههڵبژاردنی پێشوهخته داوای ئاساییكردنهوهی رهوشی كهركووك دهكهن
K24 - ھەولێر:
دیارکردنی وادهی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق، زیان بەچارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، لەم بارودۆخەی سەپێنراوه بەسەر ئەو ناوچانەدا، کورد ناتوانێت بە ئازادانە لە ھەڵبژاردندا بهشداری بكات. ھاووڵاتیان دەڵێن: ھەر ھەڵبژاردنێک لە پێش ئاساییکردنەوە، کاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.
جەمال شکور، ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بۆ "كوردستان24" گووتی: پێویستە کورد بەیەکدەنگی رووبەڕووی ئەم پیلانە ببێتهوە.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مانگی حوزهیرانی ساڵی داھاتووی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا.
کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە ئەگەری ئاسایی نەکردنەوەی باروودۆخی سەپێنراوی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر؛ له ئهنجامی ههر پرۆسهیهكی ههڵبژاردندا زیانبار دهبن و داهاتووی ناوچهكان دهكهوێته بهر مهترسی، بهو پێیهی دانیشتووانی سهرهكی و رهسهنی ناوچهكه كه كوردن، ناتوانن وهك پێویست بهشداری له پرۆسهكه بكهن.
ھەڵبژاردنی پێشوەختە، لەژێر فشاری خۆپێشاندەران بڕیاری لە سەر درا، ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ یاسا و دەستوور و پێدەچێت کێشەکان لەبری چارەسەر زیاتر قووڵ ببنەوە، بەتایبەتی کورد لەئەگەری نەبوونی ئەجیندایەکی ھاوبەشی گشتگیری لایەنەکان زیاتر پەراوێز دەخرێت.
پلانەکانی تەعریب وھەوڵدان بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری کورد، بەتایبەت لەدوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنەکان لەسنووری پارێزگای کەرکووک چڕکراونەتەوە، کە ئامانج لێی زیادکردنی رێژەی عەرەبە بۆ ئەوەی لە دەنگدان بەشداریان پێبکەن.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا، كە عێراق بە باس و خواسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە سەرقاڵە، ھەندێك لایەن ئەم ھەنگاوە بە ھەوڵێكی پێویست دەزانن بۆ چاكسازی، بەڵام لەبەرامبەردا رایەك ھەیە، كە چاكسازیكردن لە عێراقدا پەیوەست نییە بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەگەر بەرپرسانی عێراق مەبەستیان بێت، بەبێ ھەڵبژاردنی پێشوەختەش دەتوانن چاكسازی ئەنجامبدەن.
دۆخەكە وا پیشان دەدرێت ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە نەكرێت، ناتوانرێت چاكسازی ئەنجامبدرێت، بەڵام شارەزایەكی ھەڵبژاردن دیدێكی پێچەوانەی ھەیە و ترسی لەوە ھەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئاستی گەندەڵی لە عێراق زیاتر بكات.
ھۆگر چەتۆ، شارەزای بواری ھەڵبژاردنەكان دەڵێت: ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق نیازیان بێت؛ بەبێ ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەتوانن چاكسازی بكەن
لە دوای ساڵی 2003 ەوە چەندین ھەڵبژاردن ئەنجامدراون، چەندان رووخساری نوێ، حوكمی عێراقیان گرتووهته دەست، بەڵام سیستەم ھەر یەك سیستەمە و قەبارەی گەندەڵی و ترس و تۆقاندن لە عێراقدا رووی ھەر لە ھەڵكشانە، دۆخەكەش تەنیا لە بەرژەوەندی دەستەبژێری سیاسی عێراقدایە.