وەزارەتی کشتوکاڵ باجێكی زۆر دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردە

وەزارەتی کشتوکاڵ پشتیوانی لە ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ ده‌كات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

وەزاره‌تی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانەی داوە، کە لە ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان وەرزی پێگەیشتنیانە؛ بۆ ئەوەی بتوانرێت ھەلی زیاتر بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی  جوتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بڕەخسێنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەروبوومی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان  بەرھەمدەھێنرێت و بەشێکی زۆری بەرھەمە کشتوکاڵیەکانیش لەسەرووی خواست و پێداویستی ناوخۆییە.

وەرزی  پێگەیشتنی  بەشێکی زۆر لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی ھەرێمیش بڕیاری قەدەغەکردنی ھێنانەناوەوەی ئەو بەرھەمانەی داوە، کە لە ھەرێمی کوردستان  وەرزی پێگەیشتنیانە.

بەھۆی نەبوونی کۆگا و ساردخانە بۆ ھێشتنەوەی بەرھەمەکان، بەشێکی زۆری بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی لە ھەرێمی كوردستان لەم وەرزەدا لەسەرووی خواست و پێداویستی ناوخۆییە و وایکردوە نەتوانرێت ئەو بەرھەمانە ھەڵبگیریت بۆ ھەموو وەرزەکان.

بەمەبەستی رێگریکردن و کەمکردنەوەی بەرھەمی ھاوردە بۆ  ھەرێمی کوردستان، بەڕێژەیەکی زۆر باج لەسەر ئەو بەرھەمانە  زیادکران کە لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێن.

لەھەمانکاتدا بۆ پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆ و ھاوکاریکردنی جووتیارانی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی چەندین بەرھەم دراوە، لەوانە: ھەنجیر، شووتی، پەتاتە، خەیار، سێو  وھەنگوین.