ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری راگه‌یه‌ندرا
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت بۆ كێشه‌ی كه‌می ئۆكسجین له نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری پێكهێنرا، دوای یه‌ك هه‌فته له رووداوه‌كه، لیژنه‌كه ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ رایگشتی ئاشكرا كرد.
له راگه‌یه‌ندراوی لیژنه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه، هاتووه: "هیچ نه‌خۆشێك له‌م ماوه‌یه‌دا كێشه‌ی نه‌بوونی ئۆكسجینی نه‌بووه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "به‌داخه‌وه به‌شێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به ئامانج و بێ ئامانج ئه‌م دۆخه‌یان قۆستووه‌ته‌وه و به‌بێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك وایان پیشانداوه كه له‌م رۆژه‌دا 18 كه‌س له به‌ر بێ ئۆكسجینی مردوون، به‌ڵام به درێژایی ڕۆژی 30ی ته‌مموز چوار كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه".
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه
راگه‌یاندراوێك له لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی رووداوی رۆژی 30/7ـی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌هه‌ولێر
دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌كێشه‌ی كه‌می ئۆكسجین له‌نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێر پێكهێنرا، لیژنه‌كه گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: له رۆژی 30/7/2020 به هۆی دواكه‌وتنی گه‌یشتنی ئۆكسجینی شل له لایه‌ن ئه‌و كارگه‌یه‌ی گرێبه‌ستی دابینكردنی ئۆكسجینی كردووه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری بۆماوه‌یه‌ك ئۆكسجینی شل نه‌ماوه و ده‌ستبه‌جێ ئه‌م بۆشاییه به ئۆكسجینی قه‌نینه پڕكراوه‌ته‌وه و هیچ نه‌خۆشێك له‌م ماوه‌یه‌دا كێشه‌ی نه‌بوونی ئۆكسجینی نه‌بووه، ئه‌وه‌ی روویداوه به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی قه‌نینه‌ی زۆر له لایه‌ن كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه بۆ ژووره‌كان كه‌شێكی وه‌ها له‌لایه‌ن كه‌س و كاری نه‌خۆشه‌كان دروست بووه كه ئۆكسجین نه‌ماوه و ئه‌وه‌ش وایكردووه له‌م چه‌ند كاتژمێره‌دا خه‌ڵك خۆی ئۆكسجینی بردوه و قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه دروست بووه.
دووه‌م: به‌داخه‌وه به‌شێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به ئامانج و بێ ئامانج ئه‌م دۆخه‌یان قۆستووه‌ته‌وه و به‌بێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك وایان پیشانداوه كه له‌م رۆژه‌دا 18 كه‌س له به‌ر بێ ئۆكسجینی مردوون، به‌ڵام به درێژایی رۆژی 30/7 چوار كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و دوای لێكۆڵینه‌وه و به دواداچوونی ورد ده‌ركه‌وت ئه‌م نه‌خۆشانه كه گیانیان له ده‌ست داوه ئۆكسجینیان لێنه‌بڕاوه و كێشه‌ی بێ ئۆكسجینیان نه‌بووه و پێش ئه‌و رووداوه دۆخی ته‌ندروستیان به ھۆی توندى نه‌خۆشیه‌كه‌یان ناجێگیربووه.
سێیه‌م: سه‌باره‌ت به چاكنه‌كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی ئۆكسجینی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیسته‌می دابه‌شكردنی ئۆكسجین گۆڕدرابوو نه‌خۆشخانه‌كه پێویستی پێ نه‌بووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌ى نه‌خۆشه‌كانی كۆرۆنا له ماوه‌یه‌كی كورت زۆر زیادیكردووه و پێویستی له سه‌ر ئۆكسجین زیاتر بووه، به‌ڕێو‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌رێكه‌وتی 4/7/2020 گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا كردووه بۆ چاككردنه‌وه‌ی كارگه‌كه و بڕیاره له رۆژی 10/8/2020 ته‌واو ببێت و كارگه‌كه ده‌ست به‌كاركردن بكاته‌وه.
چواره‌م: لیژنه‌كه له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه گه‌یشته چه‌ند كه‌م و كوڕییه‌كی كارگێڕی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌كه و كێشه‌ی ئه‌منیه‌تی نه‌خۆشخانه‌كه و كه‌موكوڕی له گرێبه‌ستی دابینكردنی ئۆكسجینی شل به‌دیكرد، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاردرا ئیجرائاتی پێوست بكرێت بۆ رێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و جۆره رووداوانه و رێكاری به‌په‌له‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بگیرێته‌به‌ر.
پێنجه‌م: له كاتێكدا نه‌خۆشخانه‌ى رزگارى زۆر له‌قه‌باره‌ی خۆی زیاتر نه‌خۆشی لێ بووه، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تری سه‌ره‌كی دروستبوونى ئه‌و دۆخه بووه و نه‌توانراوه وه‌ك پێویست كۆنترۆڵی ره‌وشه‌كه بكرێت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بڕیاردرا نه‌خۆشخانه‌ی رۆژئاوا ته‌رخان بكرێت بۆ نه‌خۆشه‌كانی كۆرۆنا وه‌ك به‌شێك له چاره‌سه‌ری ئه‌و لۆده زۆره‌ی له سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری دروست بووه.
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی
رووداوی رۆژی 30/7 نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌هه‌ولێر
7/8/2020