به‌عس له پارتی و یه‌كێتی باشتره!
له ته‌كتیكی سه‌ربازیدا، وڵاتی شاره‌زا سه‌ربازه‌كانی دوژمن ناكوژێت، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات بریندار و بێ په‌ل و پۆیان بكات، ئه‌گه‌ر له جه‌نگێكدا سه‌ربازێك بریندار بكه‌ی، ئه‌وا لانیكه‌م دوو سه‌ربازی تری پێوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر برینه‌كه سه‌قه‌تی بكات، ئه‌وا بۆ هه‌میشه ئه‌و مرۆڤه له كار ده‌خه‌یت و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یشی ناچار ده‌كه‌یت تا مردن له‌بری ئه‌و كار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ربازه‌كه بكوژیت، ئه‌وا هه‌م سه‌ربازه‌كانی تر سه‌رقاڵ نابن پێوه‌ی و هه‌میش كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ته‌نیا پاره‌ی كفن و قه‌بره‌كه‌ییان له كیس ده‌چێت!
هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێی وابوو دووژمنه‌كه‌ی له خۆی دڵ نه‌رمتر و به ویژدان تره، ئه‌وا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كه‌م ئه‌ندام كراوه. من له به‌عس ئه‌وه‌نده‌م بیر دێت كه ماشێنه موسه‌له‌حه‌كه‌ی مولازم عه‌لا ده‌هات، هه‌رچی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌وسا كه ته‌مه‌نی ئێستای ئێمه‌یان هه‌بوو، به‌سه‌ر دار و دیوار و بان و په‌ردوودا هه‌ڵده‌زنان و هه‌ڵده‌هاتن، باشم بیر دێت كه ملازم عه‌لا هاته پێش باوكم و به تووڕه‌ییه‌وه وتی: ها گواد، لا تخاف منی؟ ئێستاش هه‌موو جارێك باوكم ده‌یگێڕێته‌وه! كه‌چی گه‌نجه‌كه له فه‌یسبووكه‌وه منی پێ پارتی و خۆفرۆشه كه بڵێم: نه‌خێر یه‌كێتی و پارتی له به‌عس خراپتر و ناشرینتر نین، ده‌شێت من لێیان ناڕازی و ته‌نانه‌ت لێشیان تووڕه بم و شۆڕش و ئینقیلاب و كودێتاشیان به‌سه‌ردا بكه‌م، به‌ڵام ناتوانم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به شۆرشگێڕێكی ته‌قه‌لوبی و فه‌یسبوكی دابنرێم، بڵێم به‌عس باش بوو، به‌عسێك كه هه‌ر مه‌تره خاكێكی عێراق هه‌ڵده‌یته‌وه كوردێكی له ژێردا زینده به‌چاڵ كردووه!
به‌ڵێ ناڕازیم له نا عه‌داله‌تی داهات و فه‌سادی ئه‌م وڵاته، تووڕه ده‌بم به برسێتی و بێكاری تۆ، ده‌مه‌وێت ژیان جوانتر و ئاسانتر بكرێت، به‌ڵام به‌ڕاستی به‌عس له یه‌كێتی و پارتی باشتر نه‌بووه، ئه‌م تێڕوانینه به‌رهه‌می برسێتی نییه، پێشتریش باپیره‌ت كه پارتی بوو، ڕقی له باپیره‌ی ئه‌و بوو كه یه‌كێتی بوو، چه‌پتان ڕقی له ڕاست و ڕاستتان ڕقی له چه‌پ بوو، ئه‌م ڕقه‌ی ئێوه به‌هۆی ناعه‌داله‌تی و خراپ دابه‌شكردنی داهاته‌وه نییه، به‌ڵكو فه‌رهه‌نگ و مێنته‌ڵێتیتانه، گه‌رنا له شاخ بۆ ڕقتان له یه‌ك بوو؟ خۆ بۆری نه‌وت و ده‌روازه‌ی سنووریتان نه‌بوو؟
خۆی له بنه‌ڕه‌ته‌وه هیچ مرۆڤێك خراپ نییه، خراپ به واتای جینات و كرۆمۆسۆم و نه‌قسی به‌ده‌نی، هه‌موو مرۆڤه‌كان وه‌كو یه‌كن، به تایبه‌تی مرۆڤی كورد، كه زۆرینه‌یان مرۆڤی ویژدانی و ئیحساساتی و گرینۆكن، ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت له‌گه‌ڵ خراپترین كه‌سیشدا له‌بری لۆژیك، به ئیحساس و سۆز و به‌زه‌ییه‌وه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. هه‌موو مرۆڤێكی كورد به خراپ و جاش و پاسداره‌كانیشییه‌وه، حه‌زیان له ده‌وڵه‌ت و شكۆمه‌ندی و كوردباڵایی هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه له دیوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێی ده‌ڵێین خراپ، خۆی خراپ نییه، به‌ڵكو دافعه‌كه‌ی، مۆتیڤه‌یشن و پاڵنه‌ره‌كه‌ی خراپه، هه‌ر وه‌ك به‌شێك له جاشه‌كانی زوو كه ده‌شێت پێشتر پێشمه‌رگه‌ش بووبن و له شۆڕشه‌وه سته‌مێكیان لێ كرابێت و له حه‌یبه‌تا پاڵیان دابێته پاڵ به‌عس!
له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه ده‌توانین بڵێین ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه له دیدی ئێمه‌وه خیانه‌تكارن و كه‌ركووكیان فرۆشت، خراپ نه‌بن، ئه‌وان دافعێكیان هه‌بووه بۆ ئه‌و شته، ئه‌گه‌ر ئێمه له كوردستان، به‌قه‌د عه‌ره‌به‌كه پێگه و ئیحترامیان بده‌ینێ، كێ ده‌ڵێت وا ده‌مێنن؟ من بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه پێم خراپن و كه‌یفم پێیان نایه‌ت، به جۆرێكی تر ڕه‌فتار بكه‌م، ده‌مه‌وێت به دوای دیوه جوانه‌كه‌ی تۆی ناشریندا بگه‌ڕێم، ئه‌وانه‌ی جنێو ده‌ده‌ن، ده‌شێت دافعێكیان هه‌بێت، كێ ناڵێت من و تۆش به پێی هه‌موو تێز و تیۆره‌كانی ئه‌و (كه بۆ خۆی ڕاستن!) كه‌سانی خراپ و دزێو نه‌بین؟!
كه‌واته ئێمه پێویسته ئیش له‌سه‌ر دافعه‌كان بكه‌ین، كه‌سێك تێر بكه، هه‌لومه‌رجی بۆ بڕه‌خسێنه، ڕێزی بگره و به‌ها و كاری بده‌رێ، ئه‌گه‌ر پاش ئه‌مانه‌ش هه‌ر خراپ بوو، ئه‌و كاته ڕقت لێی بێت، من نامه‌وێت ڕقم له‌گه‌نجێك بێت كه پاره‌ی پێ نییه، به‌های نییه، ڕێزی نییه، پێگه‌ی نییه، ژنی نییه، مێردی نییه، سه‌رباریش بمه‌وێت وه‌كو قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا له ده‌وڵه‌ت و شكۆمه‌ندی كورد بڕوانێت! كاتێك تۆ له تووڕه‌یی و برسێتی و بێكاریدا گرنگی ناده‌ی به نیشتمان و به‌های نابێت بۆت، ده‌شێت لێت نه‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له تێریدا جاشن، بۆ پێگه و ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر نیشتمان و شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی هه‌ڕاج ده‌كه‌ن، نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌م تاقمه برسییه‌دا تێكه‌ڵ بكرێن! ده‌بێت حه‌شر و نه‌شریان به جیا بێت!
لێره هه‌ڵه‌كه ئه‌وه‌یه كه له نێوان من ده‌ژیم و من زیندووم، جیاوازی نه‌كراوه، زۆربه‌ی ئێمه زیندووین و ناژین، زیندوێتی دۆخی بایلۆژی جه‌سته‌یه، ژیان په‌روه‌رده و پرۆسه‌ی خۆشبه‌ختییه! ئێمه له سروده به‌ناوبانگه‌كه‌شماندا هه‌ر ده‌ڵێین "كه‌س نه‌ڵێت كورد مردووه، كورد زیندووه"، له ڕاستیدا هیچ كه‌سێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه نه‌یوتووه كورد مردووه! ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی (كورد)ی بۆ ئێمه وه‌ك گه‌لێك به‌كار نه‌هێناوه، هه‌ندێكیان به توركی شاخاوی و هه‌نده‌كه‌ی تریشیان به نه‌وه‌ی جنۆكه ناوی بردووین، ئێمه ده‌بوو بڵێین كورد ده‌ژی، نه‌ك كورد زیندووه! به‌ڵام ئه‌و هه‌موو ساڵه خه‌ریكی بوون نه‌مرد و ما، كه‌چی وا خه‌ریكه خۆی خۆی ده‌خوات!