حیزبه دۆڕاوه‌كانی ئه‌م ساڵ!
تۆ نابێت و نا‌توانیت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت، به هیچ حیزبێكی كوردستان بڵێیت به‌رنامه‌كه‌ت باش نه‌بوو، ڕێگاكه‌ت هه‌ڵه بوو، ده‌بێ هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ بده‌یته پاڵ خه‌ڵكی تر، یه‌كێتییه‌كان به شۆڕشگێڕ و پاسدارییانه‌وه، به حه‌ق و باتڵیانه‌وه، هه‌ر قه‌بووڵیان نییه تۆ ڕه‌خنه‌ت له شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و خیانه‌تی تاقمێك له حیزبه‌كه‌یان هه‌بێت!
گۆڕان له 25 كورسییه‌وه بوو به 12 كورسی، كه‌چی تۆ نابێت به فاشلی بزانیت، هه‌ر ده‌بێت ته‌ئویلاتی بۆ بكه‌یت و به‌هانه‌ی بۆ بدۆزیته‌وه و تاوانه‌كه‌ی بده‌یته پاڵ هێز و خه‌ڵكی تر. پارتی له مووسڵ له‌گه‌ڵ خێڵه‌كانی ئه‌عراب ڕێك ده‌كه‌وێت و موحافیزی نوێ داده‌نێت، كه‌چی له كه‌ركووك غه‌زه‌بی له یه‌كێتی گرتووه و پارێزگارێكی له‌گه‌ڵ دانانێت، تۆ ناشبێت بڵێیت ئه‌مه هه‌ڵه‌یه و ڕاسته‌كه ئه‌وه‌یه!
حیزبه‌كانی ئێمه نه‌یانتوانیوه گشتیی بن، ئه‌مه مێنته‌ڵێتییه، هیچ حیزبێكی كوردستان به‌قه‌د هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان جێگه و به‌رنامه‌ی نییه، وا داینێ سبه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بوون به كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئێ وه‌ڵا مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌ری لێ ده‌شێوێ و نازانێت چۆن به‌رێوه‌مان ببات! به‌رنامه و پڕۆگرامی حیزبه‌كه‌ی ئه‌و، له‌باشترین حاڵه‌تدا هه‌ر شه‌ست حه‌فتا هه‌زار كه‌سی پێ به‌رێوه ده‌برێت!
به‌رنامه‌كه‌ی پارتی له باشترین حاڵه‌تدا هه‌ر هه‌شتسه‌د هه‌زار كه‌سی پێ به‌ڕێوه ده‌چێت، هیچ ئۆرگان و مه‌كانێكی پارتی بۆ هه‌ر شه‌ش ملیۆن كه‌سه‌كه‌مان شیاو نییه، ئه‌م حیزبه كه گه‌وره‌ترینی حیزبه‌كانمانه، له باشترین دۆخدا كه ڕۆژگاری فیفتی به فیفتییه‌كه بوو، ملیۆن و نیوێك خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ بوو، ئێستا ئه‌گه‌ر دوو ملیۆن كه‌س به جارێك ببن به پارتی، ئه‌م حیزبه تووشی شۆك و پاشان داڕمان و داڕووخانێكی گه‌وره ده‌بێت، كه مه‌گه‌ر له مێژوودا به‌س یه‌كێتی سۆڤێت وا ڕووخابێت!
ئه‌وه یه‌كێتی هه‌ر باسی ناكرێت، له باشترین حاڵه‌تدا به‌رنامه و ئۆرگانه‌كانی، به كه‌ڵكی به‌رێوه‌بردنی یه‌ك ملیۆن كه‌سیش نایه‌ت، خۆ ئه‌گه‌ر ملیۆنێك كه‌سی له‌گه‌ڵ بایه، قووڕ ده‌چوو به‌سه‌ر ئێمه و خۆیشیدا!
هۆكاری داڕووخانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر ئه‌مه بوو، ئه‌م حیزبه كه ڕاگه‌یه‌نرا، له باشترین پێشبینیاندا، پانزه كورسییان بۆ خۆیان دانابوو، به‌ڵام كه ده‌نگ جیا كرایه‌وه، تووشی شۆك بوون كه بینییان نیو ملیۆن كه‌س و ٢٥ كورسییان به‌ده‌ست هێناوه، خۆی ئه‌م ژماره‌یه له به‌رنامه و تواناكانی ئه‌وان گه‌وره‌تر بوو، بۆیه پێیان به‌ڕێوه نه‌چوو، ده‌بوو ده كورسییان به‌ده‌ست بهێنایه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوا زوو به‌زایه‌ی نه‌ده‌ن، ته‌شبیات نه‌بێ و ته‌نیا نمونه‌یه: وابزانه تۆ شوانێكیت و چوار سه‌ر بزنت هه‌یه و به‌رێوه‌یان ده‌به‌یت، ئه‌گه‌ر شوانێكی باش نه‌بیت و به‌رنامه و شاره‌زاییه‌كی باشت نه‌بێت و له پڕ سه‌د سه‌ر بزنی ترت بده‌نێ، وه‌ڵا هه‌مویان گورگان خواردوو ده‌كه‌یت!
هۆكاری شكستی گۆڕان زروف و مردنی كاك نه‌وشیروان نه‌بوو، به‌ڵكو بچووكی به‌رنامه‌كه‌یان بوو له چاو ژماره‌ی خه‌ڵكه‌كه‌دا، ئه‌وان لیاقه‌ت و جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌یان تیا نه‌بوو به‌رنامه‌ی حیزبه‌كه‌یان وا لێ بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئیشتیهای خه‌ڵكی بادینانیش بێته‌وه! به‌رنامه‌كه‌یان ته‌نیا له‌سه‌ر تووڕه‌یی و عه‌به‌سێتی شارێك داڕشتبوو، خۆیان كردبوو به نوێنه‌ری خه‌ڵكی برسی و بێ مووچه و لات، كه ده‌كرا نوێنه‌ری تێر و زه‌نگین و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش بن. من به كۆچكردوو كاك نه‌وشیروانم وت: هه‌ڵه‌ی ئێوه ئه‌وه‌یه شه‌ڕ له‌سه‌ر برسییه‌ك ده‌كه‌ن كه هه‌ر كاتێك تێر بوو و ده‌ستی گه‌شته مووچه و سفره‌كه، ده‌ست له ئێوه هه‌ڵده‌گرێ، كه‌واته ئێوه ده‌بێت حیزبی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بن! به‌ڵام دیاره ئه‌و قسه‌یه‌یان لێ وه‌رنه‌گرتم و هه‌ر به حیزبی تاقمێكی تووڕه و هه‌ندێ خه‌ڵكی جنێوده‌ر مانه‌وه!
جا ئێستا ده‌قیقه‌ن پارتیش له‌م دۆخه‌دایه و لێی تێناگات، یانی هه‌تا ئێستاش نه‌یتوانیوه به‌رنامه‌ی حیزبه‌كه‌ی وا لێ بكات كه له‌گه‌ڵ ئیشتیهای خه‌ڵكی سلێمانیشدا بێته‌وه! باوكی من كه ته‌نیا من و سێ مناڵی تری هه‌بوو، له خانوویه‌كی بچو‌وكدا ده‌ژیا، ئابووری و به‌رنامه‌یه‌كی بچووكی بۆ ئه‌م شه‌ش سه‌ر خێزانه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام كه مناڵی تری خسته‌وه و ژماره‌مان بوو به دوو هێنده، خانویه‌كی گه‌وره‌تری گرت، ئیشی زیاتری كرد، سفره و مه‌نجه‌ڵ و قۆری و پیاڵه‌كانیشی زۆرتر كرد، بۆ هه‌ر یه‌كه‌مان یارییه‌كی جیاواز و بوكه‌ڵه و جلێكی جیاوازی ده‌كڕی، ده‌ی پارتی ته‌نانه‌ت وه‌كو باوكیشمی نه‌كردووه، ئه‌و كه ٣٨ كورسی هه‌بوو، چۆن له خه‌ڵكی ده‌ڕوانی، ئێستاش به چل و پێنج كورسییه‌وه هه‌ر وا لێیان ده‌ڕوانێت!
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له ساڵی ١٩٧٩ڕێك ئه‌م حاڵه‌ته‌ی تووش بوو، پاش ڕووخانی حه‌مه‌ڕه‌زا شا، ئه‌م حیزبه هیچ ئاماده‌ییه‌كی نه‌بوو بۆ ئیداره‌دان، له پڕ شا ڕووخا و حزبی دیموكرات هه‌موو كوردستانی كه‌وته ده‌ست و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕژانه ناو ڕێكخستنه‌كانییه‌وه و بوون به ئه‌ندام و لایه‌نگری، هه‌ر خه‌ڵكت ده‌بینی چه‌كی هه‌ڵده‌گرت و ده‌بوو به دیموكرات، ئه‌م حیزبه‌ش ده‌ره‌قه‌ت نه‌ده‌هات و بوو به یه‌كه‌یه‌كی ئاوساو و قه‌ره‌باڵغ و ناكاریگه‌ر، ئه‌وه بوو له یه‌كه‌م هێرشی پاش فه‌تواكه‌ی خومه‌ینی، هه‌موو كوردستانیان لێ سه‌ندرایه‌وه!