سێ په‌رله‌مانتاری خیانه‌تكار+هی تریش؟
هه‌میشه له فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی به‌غداد، كه‌سانێك وا دێنه پێش چاو، خیانه‌ت ده‌كه‌ن و دۆستی به‌غداد ودژ به حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ونه نیشتمانییه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بن، تێكڕای خوله‌كانی په‌رله‌مانی به‌غداد، له شانشینییه‌كه‌ی فه‌یسه‌ڵه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌میشه كوردێك هه‌بووه كه‌سانێكی تر له كوردستان به خۆفرۆش و خیانه‌تكاری بزانن!
خیانه‌ت، پێناسه‌یه‌ك كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له هه‌ر خوله‌كێكدا بكرێت به به‌ری كه‌سێكدا و له هه‌ر خوله‌كێكی دیشدا، له به‌ری كه‌سێك داماڵرێت! هه‌نگاوێك كه ئه‌مڕۆ پێی ده‌بیت به پاڵه‌وان، ئه‌گه‌ری هه‌یه سبه‌ی پێی ببیته خیانه‌تكار، له فه‌رهه‌نگی سیاسی و مێژوویی كورددا، زۆرترین جار به كار هاتووه بۆ نه‌یاره‌كان، به‌ڵام نه یاسا و نه ئه‌ده‌بیات و نه داڕێژه‌رانی تیۆره سیاسییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه، پێناسه‌یه‌كی دروست و زانستی و ته‌واوه‌تییان بۆ دانه‌تاشیوه، بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌م وتاره‌ی منیش له هه‌ندێ گۆشه‌ی ئه‌وانی دییه‌وه، خیانه‌تێك بێت، له كێ و له چی؟ نازانم!
ناوبه‌ناو سێ په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غداد (ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید، وشیار عه‌بدوڵا و سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین) له سێ حیزبی جیاواز، وه‌ك یه‌كێكیان ده‌یڵێت "له ڕووی ئایدۆلۆژی و فكر و سیاسه‌تیشه‌وه لێك جیاوازین"، دێنه سه‌ر میدیا و هه‌رسێكیان به یه‌ك تۆن و به جۆرێك قسه ده‌كه‌ن، به‌شێك له خه‌ڵكی كوردستان تووڕه ده‌بێت!
دوا هه‌نگاوی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه، چوونه دادگای فیدراڵی بوو. گوایه ساڵی 2012 وه‌زیری نه‌وتی ئه‌وكاتی عێراق، سكاڵایه‌كی تۆمار كردووه له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم، ئه‌مانیش چوون هه‌نگاوه‌كانیی ئه‌و دادگایه خێراتر بكه‌ن، ده‌ی مه‌گه‌ر ئه‌مه خیانه‌ت نییه؟ په‌یوه‌ندیم كرد به سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارانه تا وه‌ڵامم بداته‌وه؟ ئه‌و وتی" نه‌خێر، ڕه‌نگه دادگای فیدراڵی بڕیارێك بدات كه له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت و ده‌ستیان كورت بكاته‌وه، به‌ڵام حه‌تمه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه".
سه‌ركه‌وت نه‌یده‌شارده‌وه كه ده‌یانه‌وێت نه‌وتی هه‌رێم له ده‌ستی پارتی و یه‌كێتی ده‌ربێنن و ڕاده‌ستی به‌غدادی بكه‌ن، ئه‌و كه (یه‌كێتی)یه‌كه‌ی تێ كرد، وتیشی خۆ ده‌زانم سه‌د له‌سه‌دی دۆسێی نه‌وت لای پارتییه، به‌ڵام یه‌كێتیش وه‌ك شوێنكه‌وته‌یه‌ك سودمه‌نده بۆیه قسه ناكات!
وا دیاره هه‌ڵه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه ئه‌وه بێت، كه سایكۆلۆژیای خه‌ڵكی كوردستانیان به باشی نه‌خوێندبێته‌وه و ڕه‌چاوی دۆخی هه‌ستیاری عاتیفه‌ی نه‌ته‌وه‌یی زۆرینه‌یه‌ك له جه‌ماوه‌ریان نه‌كردبێت، بۆیه هه‌میشه كه ده‌رده‌كه‌ون، زۆر به ئیستفزازییه‌وه ده‌جوڵێنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ئه‌وه بكه‌ن كه به‌شێكیش له‌و خه‌ڵكه‌ی كوردستان كه ئه‌وان ده‌ڵێن به‌رگرییان لێ ده‌كه‌ن، پارتییه، كه‌چی به ئاشكرا باس له زه‌ره‌ری پارتی ده‌كه‌ن، یانی له وێنه گه‌وره‌كه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت دژی حكومه‌تی هه‌رێم و دۆستی به‌غداد بن، ده‌نا ڕه‌نگه له جوزئیاتا ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن باش و دڵسۆزانه‌ش بێت، هه‌ڵه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه به باشی هه‌نگاوه‌كانیان ڕوون ناكانه‌وه و تێمان ناگه‌یه‌نن كه بۆچی دادگای فیدراڵی له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرن؟ ئه‌وه‌م به سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین وت و ئاوا وه‌ڵامی دامه‌وه"قسه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای هه‌رێم نابێت نه‌وت بفرۆشێت و ده‌مانه‌وێت له رێی به‌غداوه بێت تا ئێمه‌ش بڕ و چۆنیه‌تی و داهاته‌كه‌ی بزانین، ئێستا له به‌غداد كه نه‌وت ده‌فرۆشرێت هه‌ر له ده‌رهێنان و فرۆشه‌وه تا ده‌بێته بودجه و له په‌رله‌مانه‌وه ڕاده‌ستی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت، ئاگامان لێیه، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی له به‌غداد هه‌بێت له ناو حكومه‌تدا ده‌كرێ، ده‌نا په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی شه‌رعی به ئه‌ركی یاسایی خۆی هه‌ستاوه، ئێمه بۆیه چووینه دادگای فیدراڵی تا به‌ر به‌و هه‌نگاوه بگرین كه ئێستا كوتله په‌رله‌مانییه‌كانی به‌غداد ده‌یانه‌وێت به زۆرینه‌ی ده‌نگ دۆسێكه له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه زۆر زۆر مه‌ترسیداره بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ڕه‌نگه جارێكی تریش مووچه و بودجه‌ی خه‌ڵك ببڕن".
سه‌ركه‌وت وه‌ك په‌رله‌مانتارێك، ده‌توانێت قه‌ناعه‌تت پێ بێنێت كه ئه‌و كاره‌ی كردوویانه خیانه‌تكارانه و دژبه‌ری خه‌ڵك و حكومه‌تی كوردی نییه، به‌ڵام بۆ كه‌سێكی وه‌ك من كه ڕه‌گه‌زی ناسیۆنالیزم ڕیشه‌یه‌كی سیاسی و سۆسۆلۆژی هه‌یه، ڕه‌نگه قورس بێت باوه‌ڕ بێنم به‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌مان بده‌ین به‌وان، ئه‌وانیش پاره‌ی چاكمان بده‌نێ! گه‌رچی له مانا په‌رله‌مانییه‌كه‌شیدا هه‌نگاوه‌كه‌یان هه‌رچۆنێك بێت، وه‌زیفه‌یه‌كی په‌رله‌مانییه، چونكه مادام ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقن، كه‌واته ئه‌وان نوێنه‌ری ته‌واوی خه‌ڵكی عێڕاقن و ده‌شبێت له بری كه‌سێكی به‌سڕه و عه‌ماره‌ش تێهه‌ڵچنه‌وه، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه له عێراقدا په‌رله‌مانتار نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه و فه‌رهه‌نگی چینایه‌تی و تا ئیفی ده‌كات، هیچ په‌رله‌مانتارێكی ئه‌نباری و به‌سڕایی و كه‌ربه‌لایی، نوێنه‌رایه‌تی كوردێك ناكه‌ن له زاخۆ، تا ئه‌مان ئه‌و شته بكه‌ن، ئیدی چۆن ده‌بێت نوێنه‌رێكی كورد به خه‌می به‌سڕه‌وه له خه‌می كوردێك بێت؟
هه‌نگاونان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسێی نه‌وت و داهات له‌نێوان به‌غداد و هه‌ولێر، بێ دوو دڵی وه‌زیفه‌یه‌كی په‌رله‌مانییه و قسه هه‌ڵناگرێت، به‌ڵام ڕه‌خنه و تێبینی من له‌سه‌ریان ئه‌وه‌یه كه: تۆ نه‌خۆشێكت هه‌بێت كه هه‌م جه‌ڵته لێی دابێ و هه‌میش قاچی له جێ چوو بێت، كاتێك بردته نه‌خۆشخانه، پزیشكه‌كان یه‌كه‌م شت قاچی بێننه‌وه جێی خۆی، خۆ له زانست و عورفی پزیشكیشدا هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌ردووكیشیان گرنگن، به‌ڵام ئه‌سڵی كار ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م جار سه‌رقاڵی جه‌ڵته‌كه‌ی بن! ڕه‌خنه‌ی قورس‌تر لێیان ئه‌وه‌یه كه بۆچی هه‌مان ئه‌م هه‌نگاوه‌یان نه‌گرته به‌ر كاتێك نوری مالكی و حكومه‌ته‌كانی عێراق مووچه و بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان بڕی؟ بۆچی نه‌ده‌چوونه دادگای فیدراڵی له دژی مالكی و عه‌بادی؟! ئه‌مانه ئه‌و پرسیار و تێبینییانه‌ن كه كاره‌كه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه گه‌رچی باشیش بێت، به‌ڵام به خیانه‌تكارانه ده‌ركه‌وێت! سه‌ركه‌وت وتی "ئێستا عێڕاق نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن به‌رمیل ده‌فرۆشێت، با نه‌وته‌كه‌ی ئێمه‌ش له ڕێی به‌غداوه بێت و له كێكه گه‌وره‌كه بخۆین"، به‌ڵام ئایا هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه‌یان ده‌وێت؟ ده‌بێت سه‌ركه‌وت و هاوڕێكانی بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕیفراندۆمێك بكه‌ن!