خۆماڵی كردن و سۆماڵی كردن
ئه‌ڵبه‌ت سۆماڵیزه‌كردنی وڵات، كارێكی ئه‌سته‌م نییه، هه‌ندێ شت بۆ ئه‌وه‌ی درووستی بكه‌ی، ده‌بێت هه‌ندێ شتی بۆ بكه‌یت، به‌ڵام سۆماڵیزه‌كردنی وڵات، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه هیچی بۆ نه‌كه‌یت!
ئێمه هه‌موو قۆناغێك له‌به‌رده‌م سۆماڵیزه‌كردنی كوردستانداین، ئه‌مه سه‌ری باسه‌كه نییه، ده‌چمه سه‌ر بابه‌تێكی تر...
حكومه‌تی هه‌رێم، جێگه‌كه‌ی خراپه، هیچ باڵه‌خانه‌یه‌كی بۆ ئیداره‌دانی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ی گه‌وره دروست نه‌كراوه، هه‌موو یان زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان، له قوتابخانه و عه‌مباره كۆنه‌دان.
له‌م حكومه‌تی هه‌رێمه‌دا، ته‌نیا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف شوێنه‌كه‌ی باشه، هه‌تا ئێستاش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌سه‌ره ڕێیه‌كدایه و ده‌ڵێی فه‌رمانده‌یی و ڕه‌بایه‌یه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، به هه‌ردووكیان له‌یه‌ك باڵه‌خانه‌دان، له یه‌ك پرسگه‌وه ده‌چیته ژووره‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ ته‌ندروستی بچیت، موبایل و هه‌ویه لای پۆلیس و حه‌ره‌سی ئه‌مان داده‌نێیت و ئه‌گه‌ریش بۆ كۆمه‌ڵایه‌تی بچیت، موبایل و هه‌وییه‌كه‌ت ده‌ده‌یته پۆلیس و حه‌ره‌سی ئه‌وان، كه هه‌ردوو به‌رانبه‌ر یه‌ك دانیشتوون!
تا ئێستا ئێمه له كوردستان حكومه‌تمان وه‌كو ڕه‌مز و باره‌گا دروست نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕژێمه په‌نجا ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت، هیچ شتێكی له پاش به جێ نامێنێت كه ئاماژه‌ی بوونی ئه‌و بێت، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت كۆشكی هه‌بێت، ئێمه هێشتا حكومه‌تی سیمبولیكیمان نییه، واته تۆ به باڵه‌خانه‌یه‌كدا بیری حكومه‌تت بێته‌وه، تۆ كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیت له نا ته‌ندروستترین جێ‌دا بێت، چۆن ده‌توانیت وه‌ك سیمبولی ساغڵه‌می وڵات نیشانی بده‌یت؟! ئه‌وجا خۆ تۆش ڕاسته‌كه‌ی، ئێمه ئه‌و هه‌موو كێشه و گرفته‌مان هه‌یه، منیش خه‌ریكی باسكردنی چیم؟!
ئێمه له‌سه‌ر هێڵی بوومه‌له‌رزه نین، له ده‌ریا و زه‌ریاشه‌وه دوورین تا هه‌ڵكشان و داكشانی ئاو یان تسۆنامییه‌ك بمانترسێنێت، خاوه‌نی زۆرترین كێشه‌ی بچووك و كه‌مترین كێشه‌ی گه‌وره‌ین!
هه‌ر شتێكی ئه‌م وڵاته بگریت، له هێلكه‌وه تا شۆفڵ، كشتوكاڵ و سوته‌مه‌نی، شه‌قام و شوتی، له‌وێشه‌وه تا مۆسیقا و هتد، هه‌رچیت به خه‌یاڵدا هات، بوخچه‌ی قسه‌ی لێ بكه‌ره‌وه، پڕه له كێشه. ڕه‌نگه تاكه شوێنی دونیا بین له‌سه‌ر هه‌ر شتێك سه‌ری بابه‌ت بكه‌ینه‌وه، كێشه‌ی تیا بێت!
هه‌رچی وه‌زاره‌تمان هه‌یه، وه‌زیفه‌كه‌ی پڕیه‌تی له كێشه، هه‌ر له‌خۆته‌وه له مه‌ڕ وه‌زاره‌تێك قسه بكه، كشتوكاڵ؟ وه‌ره با یه‌ك مانگ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و هه‌موویشی كێشه بێت؟! وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی؟ چه‌ندت پێ خۆشه باس له خراپییه‌كه‌ی بكه، هه‌ر ڕاسته‌كه‌یت!
جارێ هه‌ندێ وه‌زاره‌تمان هه‌یه، كه‌مترین په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، تۆ نه ترامت هه‌یه و نه به‌له‌م و نه كه‌شتی و نه میترۆ، ئیدی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن بۆچی باشه؟ چی ده‌گوازێته‌وه و چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ هه‌یه و نییه هه‌ر پاس و تاكسییه، ئه‌ویش به سیستمێكی باش ڕێك نه‌خراوه، كاره‌كه‌ی تری باج و خه‌راجی نێتۆڕكه.
یانی ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه بكرێت، لێره پێویستت به هیچ پسپۆڕییه‌تێك نییه تا له هه‌موو كێشه‌كانی به نمونه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تێ بگه‌یت! به بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك ڕۆژ چووبیته قوتابخانه، ده‌توانیت تێبگه‌یت كه كێشه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چییه؟!
له وڵاته ژیره‌كان، خه‌ڵكی به هه‌ستیارییه‌وه جه‌ساره‌ت ده‌كه‌ن باس له كێشه‌ی سێكته‌رێكی ژیانی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌دی ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو؟ ئیتر تووشی دادگا و باج دان ده‌بنه‌وه، به‌ڵام لێره چۆنت پێ خۆشه قسه له‌سه‌ر خراپی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی بكه، تۆ هه‌ر له فه‌رعێكه‌وه ڕاسته‌كه‌یت!
هه‌ر ئێستا له خۆته‌وه زه‌لامێك له‌و بازاڕه ڕاگره و باسی ئاوه‌ڕۆی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یانی له‌گه‌ڵ بكه‌ره‌وه، حه‌تمه‌ن ئه‌و كێشه‌یه‌شیان هه‌یه، دانه‌یه‌كی تر ڕاگره و پرسیاری خراپی سیستمی په‌روه‌رده‌ی لێ بكه، دڵنیابه كێشه‌ی ئه‌وه‌شی هه‌یه، لێره ئێمه هه‌موو جۆره كێشه‌یه‌كمان هه‌یه، هه‌رچیت به خه‌یاڵدا هات، بیوروژێنیت ده‌كه‌ویته سه‌ر پلێتی گرفت!
لێره له‌سه‌ر گسك، په‌تاته، ئاسمان، جاده، كشتوكاڵ، شعر، پرسه، به‌ند، خوتبه‌ی مه‌لاكان، كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی، چیت پێ خۆشه؟ خراپی شه‌پۆلی ڕادیۆكان، كواڵتی ده‌رمان، هه‌رچیت بیر بكه‌وێته‌وه كێشه‌یه، ئێمه شتێكمان نییه بڵێین ئۆخه‌یش له‌مه‌دا كێشه‌مان نییه!
تۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێكی ناڕازی بیت، له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌توانیت به‌رنامه دروست بكه‌یت، له كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بووم، كار كردن زۆر ئاسان بوو، ئیشی تۆ ته‌نیا ئه‌وه بوو بیری خه‌ڵك بێنیته‌وه كه باش ناژی، تووڕه‌یكه، كه خه‌ڵك تووڕه بوو كێشه‌ی زۆرتر دروست ده‌كات، ئه‌ڵبه‌ت خه‌ڵك هه‌موو كێشه‌یه‌كی هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ چۆن بیری ده‌هێنیته‌وه؟!