ئەوروپییەکان لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش گفتوگۆ دەکەن

لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا، متمانەی نێوان ئەمەریکی و ئەوروپییەکان کەمبووەتەوە
kurdistan24.net

 

K24 - بەرلین
لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا، متمانەی نێوان ئەمەریکی و ئەوروپییەکان کەمبووەتەوە و ئەوروپییەکان لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش گفتوگۆ دەکەن.

ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاریداوە 12 هەزار سەربازی خۆی لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، نیوەی ئەو سەربازانە دەگوازرێنەوە بەلجیکا، ئیتاڵیا و پۆڵۆنیا، نیوەکەی تریشیان دەگەڕێندرێنەوە ئەمەریکا.

کلاوس هێنینگ، مامۆستای زانکۆی پۆتسدام لە ئەڵمانیا لەمبارەیەوە دەڵێ "ئەوە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ستراتیژیی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکایە، دەیانەوێت ئەو هێزانە بگوازنەوە سەر سنوورەکانی رووسیا هەروەک وەزیری بەرگری ئەمەریکاش ئاماژەی پێکرد، هێزی زیاتر دەبرێنە دەریای رەش، بۆ ئەوەی کاریگەری هێزەکانیان لەوێ زیاتر بێت. بارەگای سەرەکیی هێزە سەربازییە ئەوروپییەکانیش دەچێتە بەلجیکا، چەند بارەگایەکی دیکەی سەرەکیش لە ئەوروپا دەبن".

بیانووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەوەیە: لە بەرامبەر ئەو خزمەتە سەربازییەی پێشکەشی دەکات، ئەڵمانیا وەک پێویست قەرەبووی ماددی ئەمەریکا ناکاتەوە و رەخنەشی لە راکێشانی پڕۆژەی بۆریی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا گرتووە.

هەڵۆ بەرزنجی، نووسەر لە ئەڵمانیا باس لە رای ئەڵمانییەکان دەکات سەبارەت بە هەنگاوەکەی ئەمەریکا و دەڵێ "بەشێکی زۆری ئەڵمانییەکان لێرە کشانەوەی ئەمەریکا بە سزایەک دادەنێن. لەڕاستیدا لەدوای هاتنەسەر کاری ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، راستە سیاسەت دەکات، بەڵام لەپشت سیاسەتەکەیەوە ئامانجێکی بازرگانی هەیە، بە کورت و پوختی (سیاسەتەکەی ئەوەیە) ئەگەر پارەم نەدەیتێ؛ هیچت بۆ ناکەم... ئەڵمانیاش بەوە ناسراوە؛ گیرفانی قوڵە و درەنگ پارە دەردەکات، دەیەوێت قازانج لە هەموو بوارێکدا بکات و وەکو زلهێزێکی ئابووریش لە جیهان، کە دەیەوێت لەڕووی سەربازیشەوە وا بەهێز بێت، بەڕاستی ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات".

کلاوس هێنینگ هەروەها دەڵێ "ئەو بڕیارەی ئەمەریکا، ئەوروپییەکانی رووبەڕووی بابەتی ئەوە کردووەتەوە هێزێکی سەربازی دەستوەشێنی ئەوروپی دروست بکەن و، چیتر زۆر پشت بە ئەمەریکا نەبەستن و بتوانن خۆیان توانا سەربازییەکانیان بەرزبکەنەوە و، بەبێ ئەمەریکاش بتوانن کردەی سەربازی ئەنجام بدەن''.

لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و، ئازادکردنی ئەڵمانیا لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە لە دەست نازییەکان، 200 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە ئەڵمانیا مانەوە. ئەو ژمارەیەش لە قۆناغە جیاوازەکاندا وردە وردە کەمکرایەوە و، ئێستا 30 هەزار سەربازی ئەمەریکی بەسەر چەندین بنکەی سەربازی لە ئەڵمانیادا دابەشکراون. لە دوایین بڕیاریشیدا ئیدارەی کۆشکی سپی بڕیاری کشاندنەوەی 12 هەزار سەربازی دیکەی لەو وڵاتە دەرکردووە. ئەو بڕیارەی ئەمەریکا بووەتە رۆژەڤی رای گشتی و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەڵمانیا.

 

هـ.ر.