مستەفا کازمی دەچێتە ئەمەریکا و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

کۆشکی سپی: سەردانەکە لەکاتێکی هەستیارە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراقیش

K24 - هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی داهاتوو بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەچێتە ئەمەریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی کۆشکی سپی دوێنێ (هەیینی، 7-8-2020) رایگەیاند "20-8-2020 سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات".

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە "سەردانەکە لەکاتێکی هەستیارە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراقیش، کە هەردوولامان بەردەوامین لە هەماهەنگییەکانمان بۆ دڵنیایی لە شکستی داعش و تەحەدییەکانی بەردەممان بۆ رێگری لە پەتای کۆرۆنا".

"عێراق و ئەمەریکا دوو هاوپەیمانی نزیکن"، بەمشێوەیە وەسفی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق کراوە لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق گفتوگۆ لەبارەی فراوانکردنی پەیوەندییەکان دەکەن لەوانە لەبواری ئاسایش، وزە، تەندروستی و هەماهەنگیی ئابووری".

 

هـ.ر.