میسر و یۆنان "گورزێک" لە تورکیا دەدەن

لەسەر سنووری ئاویی نێوانیان رێککەوتن


K24 - هەولێر

میسر و یۆنان دوای سێ ساڵ لە هەوڵەکانیان، رێککەوتنێکیان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان واژۆکرد، بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان لە دەریای ناوەڕاست، بەوهۆیەوەش گورزێکی کوشندە لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەدەن.

دەریای ناوەڕاست بەپێی مەزەندەکان، 345 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی تێدایە، لەگەڵ 3.4 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، ئەو سامانە زۆرەی ژێر دەریاکە کردوویەتییە شوێنی ململانێی وڵاتانی دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

یۆنان و میسر سێ ئامانجیان لە رێککەوتنەکە هەیە: وەستاندنی چاوتێبڕینی ئەردۆغان لە سامانی دەریای ناوەڕاست، گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە سنوورە ئاوییەکانیان بە ئازادی و رێگریکردن لە رێککەوتنەکەی ئەردۆغان و سەراج.

میسر و یۆنان رۆژی پێنجشەممە (6-8-2020) رێککەوتنەکەیان لەبارەی دیاریکردنی سنووری دەریایی هەردوولا واژۆکرد، کە ناوچە ئاوییە ئابوورییەکانی هەردوولایان لە دەریای ناوەڕاست لەخۆدەگرێت.

سامع شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند "ئەمە قۆناغێکی نوێی گرنگە لەنێوان قاهیرە و ئەسینا". نیکۆس دێندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنانیش گوتی "ئەو رێککەوتنە بەپێچەوانەی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا سەراج، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکدەگرێتەوە".

رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەو بەشەی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتیی گرنگ، بووەتە ناوچەی کێشەلەسەر و چەندین وڵات رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان لەبارەیەوە کردووە بۆ ئەوەی رێگە لە تورکیا بگرن بە بەرژەوەندییەکانی بگات.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان سنووری ئاویی هەر وڵاتێک، تاوەکو 12 میلی ئاوی لە کەنارەکەی دەگرێتەوە، بەڵام ناوچەی ئابووری زیاتر لە 200 میلی ئاوی دەگرێتەوە، بەهۆی تێکەڵبوونی سنوورەکانیش، وڵاتان رێککەوتن دەکەن بۆ دیاریکردنی سنوور و ناوچە ئابوورییە ئاوییەکانیان، یۆنان و میسر لەسەر ئەو بنەمایە، رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە.

"تورکیا رێککەوتنەکەی نەبینیوە، بەڵام رەخنەی لێدەگرێت"

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند رێککەوتنی سنووری دەریایی نێوان میسر و یۆنان هیچ نرخێکی نییە "رێککەوتنەکە وەک ئەوەیە هەر نەبووبێت، لەبەر ئەوەی هیچ سنوورێکی ئاوی لەنێوان میسر و یۆناندا نییە، تورکیا لەڕووی مەیدانی و لەسەر مێزی گفتوگۆش هەر لەسەر ئەو تێگەیشتنە رەفتار دەکات".

لە بەیاننامەکەدا تورکیا جەختی کردووەتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە مافەکانی قوبرسییە تورکەکان و بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

ئەحمەد حافز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر سەرسوڕمانی خۆی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی رێککەوتنی وڵاتەکەی و یۆنان و لە توویتێکدا دەربڕی و رایگەیاند "سەیرە تورکیا ئەو جۆرە لێدوان و بانگەشانە دەکات، لەکاتیکدا تەنانەت رێککەوتنەکەی نەبینیوە و وردەکارییەکانی نازانێت".

 

ئەردۆغان: دەست بە پشکنین دەکەینەوە

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەیینی ئاشکرای کرد وڵاتەکەی دەست بە پشکنین دەکاتەوە لە ناوچەی کێشەلەسەری دەریای ناوەڕاست، سەرەڕای داواکارییەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بۆ راگرتنی چالاکییەکانی.

ئەردۆغان لە مزگەوتی ئایا سۆفیاوە لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد و گوتی "دەستمان کردەوە بە پرۆسەی گەڕان و بۆ ئەو مەبەستەش کەشتیی باربارۆسمان ناردووە".

گوتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدان، هەفتەی رابردوو تورکیا رایگەیاندبوو پرۆسەی گەڕانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەڵپەساردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەسینا.

ئەوروپییەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونی تورکیا، سزای دەخەنەسەر

وڵاتانی ئەوروپا بەتووندی دژی ئەوەن تورکیا پشکنین بکات و بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا بگەڕێت لەو ناوچەیە، ئاماژە بەوە دەکەن سزای دەخەنە سەر ئەگەر بەردەوام بێت لە بەربەرەکانێی یاسای نێودەوڵەتی.

لەبەرامبەردا ئەردۆغان گوتی ئەوان رازیبوون رێکارەکانی گەڕان رابگرن، لەسەر داوای ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمەش وەکو رێگەخۆشکردنێک بووە بۆ گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یۆنان، بەڵام ئەسینای تۆمەتبار کرد بە "بێوەفایی لەبەرامبەر بەڵێنەکانی".

توڕەیی وڵاتان لەکەیەوە دەستی پێکردووە؟

رێککەوتنی تورکیا و سەراج کە لەڕێگەیەوە سنوورە دەریاییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی زۆر، فراوان دەکات بوونەتە هۆی توڕەبوونی زۆربەی وڵاتانی نزیک دەریای ناوەڕاست لەسەرووی هەمووشیانەوە یۆنان.

رێککەوتنی سەراج و ئەردۆغان

لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو تورکیا بەناوی هاوکاریی حکومەتی ویفاقی لیبیا، دەستی بە دیاریکردنی سنووری کرد لەگەڵ لیبیا، ئەم رێککەوتنەش دوورگەکانی یۆنانی پشتگوێخست و بووە هۆی توڕەیی ئەسینا، کە رێککەوتنەکە وەکو دەستدرێژیکردنە سەر سەروەریی وڵاتەکەی دەبینێت.

رێککەوتنی یۆنان و ئیتاڵیا؛ یەکەم لێدان لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا

لە مانگی حوزەیرانی 2020 یۆنان لەبەرامبەر ئەو رێککەوتنەی ئەردۆغان و سەراج، رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیتاڵیا واژۆکرد بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان، لە رێککەوتنەکەدا هەروولایان جەختیان کردەوە لەوەی دوورگەکانی یۆنان هەمان مافی ناوچەی ئابووریی وشکانییان دەبێت، وەک چۆن لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە.

جەنەرال دۆمینیک ترینکوان، لێکۆڵەر لەبارەی کاروباری ئەمنی و ستراتیژی لەبارەی رێککەوتنەکەی تەرابلووس و ئەردۆغان بە سکای نیوزی عەرەبی گوتووە "رێککەوتنی تەرابلووس و ئەنقەرە بەتاڵە وەکو رێککەوتنێکی کارپێکراو دانانرێت، چونکە تەنیا پەیوەندیی بە یەک لایەن، کە فایز سەراج نوێنەرایەتی دەکات هەیە و، سەراجیش نوێنەری هەموو گەلی لیبیا نییە".

دووەم گورزی یۆنان لە تورکیا

واژۆکردنی رێککەوتنەکەی یۆنان و میسر بۆ دیاریکردنی سنووری ئاوییان، بووە لێدانی دووەم لە تورکیا لەلایەن یۆنانەوە، چونکە شکست دەهێنێت بە رێککەوتنەکەی تورکیا و حکومەتی سەراج، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ناوچەکانی ئەو رێککەوتنەی ئەوان دەگرێتەوە و، بەپێچەوانەی رێککەوتنەکەی تورکیا و سەراجیش، ئەو رێککەوتنە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان واژۆکراوە.