پارێزگاری بەیرووت بۆ کوردستان24: هەرکەسێک قەبارەی کارەساتەکە ببینێت، دەگری

"تەنیا یەک پەیامم بۆ خۆپیشاندەران و سوپا هەیە"
kurdistan24.net


K24 - بەیرووت

"ئەگەر پێشتر بەیرووتت بینیبێت، ئێستاش قەبارەی کارەساتەکە ببینی، بەدڵنیاییەوە دەگری"، ئەمە گوتەی پارێزگاری بەیرووتە بۆ کوردستان 24 لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی نزیک شوێنی تەقینەوەکە.

مەروان عەبوود، پارێزگاری بەیرووت لە نزیک شوێنی تەقینەوە گەورەکەی رۆژی سێشەممە (4-8-2020)ـی بەندەری بەیرووت، قسەی بۆ تیمی کوردستان24 کرد.

پارێزگاری بەیرووت دەڵێ "کاتێک وڵاتی خۆتت زۆر خۆشدەوێت و بە وێرانکراوی دەیبینی، بەڕاستی ناخۆشترین هەستە، وەک ئەوەیە بچیتە ماڵەوە و ببینی وێران بووە".

مەروان عەبوود گلـەیی لەو رەوشە هەیە کە لە وڵاتەکەی دروست بووە، لەکاتێکدا سوپاسی ئەو وڵاتانەش دەکات کە یارمەتییان پێشکەشی لوبنان کردووە، لەنێویشیاندا عێراق، دەڵێ "هەموو وڵاتان ئێمەیان خۆشدەوێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە؛ دەبێت خۆشمان، خۆمان خۆشبووێت".

قەبارەی ئەو زیانە ماددیەی بە بەیرووت کەوتووە بە 10 بۆ 15 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، تەقینەوەکە ئەوەندە گەورەبوو، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 کەس و برینداربوونی نزیکەی 5 هەزار کەسی دیکەش.

تەقینەوەکە و قەبارەی زیانەکان، خەڵکی بەیرووتیان توڕەکردووە، بەهۆیەوە شەوی رابردوو خۆپیشاندانیکی گەورە لە بەیرووت ئەنجامدرا، خۆپیشاندەران چوونە سەر چەند بارەگایەکی حکومی و سەربازێکیش کوژرا.

پارێزگاری بەیرووت ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پاڵپشتی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەکات، بەڵام دەڵێت "دەبێت ئەوانە بە شێوەیەکی شارستانییانە بکرێن، لە کاردانەوەی ئەوانیش تێدەگەم".

لەدوایین قسەشی بۆ کوردستان24، مەروان عەبوود، پارێزگاری بەیرووت گوتی پەیامی من بۆ خۆپیشاندەران و سوپا ئەوەیە "خوا لوبنان بپارێزێت".

هـ.ر.