بۆڵتن نهێنییه‌كی دیكه‌ی تره‌مپ ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌و زنجیره ته‌قینه‌وه‌یه‌ی مانگی رابردوو له ئێران روویان دا، گوتی: نازانم كێ له‌و ته‌قینه‌وانه به‌رپرسه، به‌ڵام هیوادارم ئه‌و ده‌سته‌ی له‌پشتی ئه‌و رووداوانه‌یه له‌و كاره‌ی به‌رده‌وام بێت.
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "ماقۆس ریشون"ی عیبری بۆڵتن گوتی: "ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، پێویسته ئێران له‌وه تێبگات، هیچ شوێنێكی ئه‌و وڵاته نییه، گه‌یشتن پێی مه‌حاڵ بێت. ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه بزانێت، ئێران له بواره ئه‌تۆمییه‌كه‌یدا چی ده‌كات؟".
راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: "ئێران بوونی خۆی له سووریا جێگیر و دۆخی باكووری ئیسرائیل ئاڵۆز ده‌كات.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئێران هه‌وڵه "دوژمنكاران"ـه‌كه‌ی له ناوچه‌كه زیاتر بكات.
روونیشیكرده‌وه، "تره‌مپ به‌وه ناسراوه، تاو نا تاوێك سروشتی خۆی ده‌گۆڕێت، وێڕای سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ئێران‌دا، به‌ڵام ئه‌و ده‌توانێت رێكه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ تاران واژوو بكات".
بۆڵتن نهێنییه‌كی دیكه‌ی تره‌مپی ئاشكرا كرد و گوتی: "خه‌ریكبوو ساڵی رابردوو له لوتكه‌ی 7 زلهێزه‌كان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به نێوه‌ندگیری ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆ ده‌بوومه‌وه، به‌ڵام له دوا ساته‌كاندا تره‌مپ رای خۆی گۆڕی و له‌و بیرۆكه‌یه په‌شیمان بووه‌وه.
جێگای ئاماژه‌یه، دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی مانگی رابردووی دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نزی ئه‌تۆمی ئێران، زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه و رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه له شاره‌كانی ئه‌و وڵاته روویان دا. تا ئێستا هۆكاره‌كان به نادیاری ماونه‌ته‌وه.
هه‌ندێك له شاره‌زایانی پرسی ئێران به گومانه‌وه له‌و رووداوانه ده‌ڕوانن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌و رووداوانه مه‌به‌ستدارن و ده‌ستی وڵاتانی نه‌یاری ئێرانی له‌پشته‌وه‌یه.