ئاگادارییەك لەنەخۆشخانەی ئاشتیی سۆرانه‌وه‌

داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات پابه‌ندی ئه‌م خاڵانه‌ بن

K24 - سۆران:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێو‌به‌رایه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتیی له‌ سۆران رایگه‌یاند، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا 18 پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ و داوای له‌ هاووڵاتیان كرد، ئه‌گه‌ر پێویست نه‌بێت سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ نه‌كه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "كوردستان24" نێردراوه‌، هاتووه‌: بەهۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشه‌كان، تەنیا لە ماوه‌ی 2 هەفتەدا 18 پزیشك و کارمەند لەبەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەی ئاشتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بۆیە دەستەی کارگێڕی نەخۆشخانەی ئاشتی داوا لە نەخۆش و ئەو هاووڵاتیانە دەکات، کە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن:

  1. ئەگەر زۆر پێویست نەبوو سەردانی نەخۆشخانە نەکەن.
  2. تکایە سەردانی نەخۆش مەکەن لە نەخۆشخانە.
  3. تەنها یەك هاوەڵ لەگەڵ نەخۆش سەردانی پزیشك بکات بۆ پاراستنی گیانی خۆت و نەخۆش و هاووڵاتیان.
  4. پێویستە نەخۆش وهاوەڵی نەخۆش پابه‌ندی (ماسک + دەستکێش- دەستەوانە) بن، بەپێچەوانەوە رێگایان پێنادرێت بێنە ناو نەخۆشخانە.
  5. پێویستە هاووڵاتی (احالە) لەبنکەی تەندروستی بهێنێت بۆ بینینی پزیشکی پسپۆڕ لەبەشە راوێژکارییەکان. بەمەش بەریەكکەوتن و قەرەباڵغی و ئەگەری گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە کەم دەکرێتەوە. H.B