پارتی ئه‌مساڵ یادی دامه‌زراندنی به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌كاته‌وه‌

دۆخه‌كه‌ له‌ ساڵانی رابردوو جیاوازتره‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لە بری گردبوونەوەی جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری ھەولێر لە یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی، ھەڵمەتی ھۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەستپێکرد و ئه‌مساڵ یادی دامه‌زراندنی به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌كاته‌وه‌.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چەندین تیم و لیژنە سەرپەرشتی ھەڵمەتەکە دەکەن. هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك بەردەوام دەبێت. تیمه‌كان ھۆشیاری دژی ڤایرۆسەکە و خۆپارێزی لەناو کۆمەڵگە بڵاودەکەنەوە.

له‌وباره‌يه‌وه‌ ئه‌حمه‌د كانی، به‌رپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، لە یادی دامەزراندنی پارتی ھیچ گردبوونەوەیەكی جەماوەری ئەنجام نادرێت. لە بری ئەوە ھەڵمەتی ھۆشیاری و بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەدەچێت و ماوەی 8 رۆژیش بەردەوام دەبێت.

فوئاد ئه‌حمه‌د، كه‌ كاسبكارێكی شاری هه‌ولێره‌ و رۆژانه‌ 12 کاتژمێر کار دەکات و لەو ماوەیە ھیچ کاتێك پێشێلی رێنماییەکانی خۆپارێزی نه‌كردووه‌، گوتی: ئێستا لە جاران زیاتر خەڵك خۆی دەپارێزێت، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوکردنەوەی رێنمایی و ھۆشیاری بەردەوام پێویستە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەموو جەژن، یاد و بۆنەکانی وەستاند، گردبوونەوەی جەماوەری لە ترسی ئەو ڤایرۆسە ئەنجامنادرێت، ساڵیادی دامەزارندنی حزبەکان تەنھا بە پیرۆزبایی لێکردنی دوور دەکرێتەوە، بەڵام پارتی جیاوازتر دەیەوێت لە بەره‌نگاربوونەوەی کۆرۆنا ھاوکاری حکومەت بکات و لە رێگه‌ی کادیر و لایەنگرانییه‌وه‌ ھۆشیاری زیاتر بڵاوبکاتەوە.  

H.B