دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند

له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هێناویانه‌

K24 – هه‌ولێر:

دژه‌تیرۆری كوردستان، هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ورده‌كاری له‌ باره‌ی به‌قاچاغهێنانی جگه‌ری ماوه‌ به‌سه‌رچووی بۆ هه‌ولێری پایته‌خت خسته‌ڕوو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ده‌ستگیرکردنى باندێکى بازرگانيكردن بە جگەرى ماوه‌به‌سه‌رچوو

بۆ بنبڕكردنى ديارده‌ى هێنانى خۆراك و ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌رچه‌نده‌ له‌م ماوه‌يه‌دا‌ له‌لايه‌ن ده‌زگا په‌يوه‌نديداره‌كان رێوشوێن گيراوه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام تێبينى ده‌كرێت خه‌ڵكانێك به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌‌م كاره‌‌، بۆيه ئێمه‌ وه‌ك دژه‌ تيرۆرى كوردستان له‌ ئێستاوه‌ به‌توندى چاودێرى و به‌شوێنداچوون بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ين كه‌ هه‌وڵى هێنانى خۆراك و ده‌رمانى ماوه‌ به‌سه‌رچوو و كارى قاچاغ و هه‌ر كارێكى ناياسايى ده‌ده‌ن كه‌ زيان به‌ ته‌ندروستى هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان و ئارامى هه‌رێم بگه‌يه‌نێت و له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌ماهه‌نگيدا ده‌بين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ رێوشوێنى ياساييان له‌دژ بگيرێته‌به‌ر و له‌كاتى پێويستيشدا له‌لايه‌ن ئێمه‌وه‌ ده‌ستگير ده‌كرێن و دواى لێكۆڵينه‌وه‌ ده‌درێنه‌ ميديا و به‌پێى ياسا ئيجرائاتيان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

لە رێکەوتى (9/8/2020) لەکاتى هەوڵدان بۆ هێنانە ناوەوەى بڕى (292) کارتۆن جگەر بۆ ناو شارى هەولێر لەڕێگاى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لە جۆرى مارسیدس ژمارە (54670/سلیمانى) كه‌ شوفێره‌كه‌ى ناوى (کاروان عطى رشید خوارەحم)ـه‌ له‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌ ده‌ست بەسەر ئه‌و بڕه‌ جگه‌ره‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌‌دا گيرا و شوفێره‌كه‌ دەستگیرکرا.

دواى چاودێريكردنمان ده‌ركه‌وت هه‌ر هه‌مان شوفێر (کاروان عطى رشید خوارەحم)له‌ رێكه‌وتى (23/7/2020) به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌وڵى داوه‌ بڕى (265) کارتۆن جگەرى ماوه‌به‌سه‌رچوو داخيلى شارى هه‌ولێر بكات، كه‌ ئه‌وكات ته‌نها بڕى ئه‌و جگه‌ره‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ له‌ بازگه‌ ده‌ستى به‌سه‌رداگيراوه‌ و دواتر له‌لايه‌ن ليژنه‌ى تايبه‌ت له‌ قايمقاميه‌تى قه‌زاى هه‌ولێر مه‌واده‌كه‌ له‌ناوبراوه‌. بۆيه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسایشی هه‌ولێر ناوبراو لامان ئاماده‌كرا و خرايه‌ ژێر لێكۆڵينه‌وه‌ و خاوه‌نى سه‌ره‌كى و هه‌ندێك له‌ هاوكارانى له‌م كاره‌ ده‌ستگيركران و لامان ئاماده‌كران و چه‌ند كه‌سێك ماون ده‌ستگير بكرێن به‌ ناوه‌كانى: (گۆران - دانيشتووى شارى هه‌ولێر، بارزان محمد سعید – دانيشتووى قه‌زاى سه‌يد سادق، ئه‌بو سیف – دانيشتووى شارى كه‌ركووك).

داوا له‌ لايه‌نى په‌يوه‌نديدار ده‌كه‌ين ناوبراوان به‌زووترين كات ده‌ستگير بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌تباران بدرێنه‌ دادگا و سزاى ياسايى خۆيان وه‌ربگرن.

جێى ئاماژه‌يه‌، ئەم جگەرە ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ لە وڵاتى ئێران ئامادە دەکرێت و بە ڕێگاى قاچاخ لە شارى کەرکووک کۆگا دەکرێت و لەناو ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر بە شێوەى شاراوە و بەبێ ئامێرى ساردکەرەوە له‌ رێگاى كه‌ركووك – ته‌قته‌ق – كۆيه‌، دەهێنرێتە شارى هه‌ولێر.

ئێمه وه‌ك دژه‌تيرۆرى كوردستان دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين له‌ چاودێريكردنى ديارده‌ى هێنانى خۆراك و ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌رچوو و هه‌موو رێوشوێنێكى ياسايى ده‌گرينه‌به‌ر بۆ بنبڕكردنى ئه‌م ديارده‌يه‌.

تۆمه‌تبارانى ده‌ستگيركراو كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ناويان هاتووه‌ بە بڕیارى دادگا زیندانى کراون و ریکارى یاساییان لەدژ ده‌گيرێته‌به‌ر:

- جليل ابراهیم مصطفى ابراهیم / خاوەن مه‌واد.

- عادل عبدالله على محمود / خاوەن مه‌واد.

-رێبەند عبدالله على محمود /هاوكار.

- دیار احمد عبدالعزیز على/هاوكار.

- کاروان عطى رشید خوارەحم/ شوفێرى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى مارسیدس و هاوكار.

تۆمه‌تبارانى ده‌ستگيرنه‌كراو:

- گۆران/ تۆمەتبارى ده‌ستگيرنه‌كراو - دانيشتووى شارى هه‌ولێر.

- بارزان محمد سعید/ تۆمەتبارى ده‌ستگيرنه‌كراو - دانيشتووى قەزاى سید سادق.

-  ابو سیف/ تۆمەتبارى ده‌ستگيرنه‌كراو - دانيشتووى شارى کەرکووک. 

دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند
دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند
دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند
دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند
دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند
دژه‌ تیرۆری كوردستان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی باندێكی بازرگانیكردن به‌ جگه‌ری ماوه‌به‌سه‌رچووی راگه‌یاند