دوو ئه‌فسه‌ری باڵای پاسه‌وانی سنوور له ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا شه‌هید بوون
K24 – هه‌ولێر:
ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان رایگه‌یاند، كه‌مێك پێش ئێستا فڕۆكه‌كانی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنووری سه‌ر به سوپای عێراقیان بۆردومان كردووه و زیانی گیانی هه‌یه.
به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان روونیكرده‌وه، له ئاكامی ئه‌و بۆردومانه‌ی فڕۆكه‌كانی توركیا ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری پاسه‌وانی سنوور شه‌هید بوون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "كوردستان24" فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوور، عه‌مید زوبێر حالی، له ئاكامی ئه‌و بۆردومانه‌دا شه‌هید بووه. هه‌روه‌ها محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سۆران شه‌هید بووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ناوچه‌كه بۆ "كوردستان24" باسی له‌وه كرد، ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی پاسه‌وانی سنوور ویستوویانه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بكه‌ن و داوایان لێ بكه‌ن له ناوچه‌كه دوور بكه‌ونه‌وه، له میانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا فڕۆكه‌كانی توركیا بۆردومانی كردوون.
سوپای توركیا له مانگی حوزه‌یرانی رابردووه‌وه دوو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له ناوچه سنوورییه‌كان راگه‌یاندووه و هێزی سه‌ربازی توركیا سنووری عێراقیان به‌زاندووه و رۆژانه‌ش له خواكورك و گاره‌وه تا چیاكانی ناوچه‌ی شارباژێڕ له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی توركیاوه بۆردومان ده‌كرێن.