پەكەكە رەتیدەكاتەوە لە بۆردومانه‌كه‌ی توركیا ھیچ ئەندامێكیان لەگەڵ كاروانەكەدا بوو بێت

شانەی ئەمنی: دەستدرێژیەكی دوژمنكارانەی زەقی توركیایە

K24 - ھەولێر:

پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌) رەتیكردەوە، ھیچ ئەندامێكی سەر بە پارتەكەیان لەگەڵ ئەو كاروانەی ھێزەكانی سنووری عێراقی بێت، كە ئەمڕۆ لە لایەن فڕۆكە بێفڕوانەكەی توركیاوە كرایە ئامانج.

كاوە شێخ مووس، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لێدوانێكدا لەگەڵ مالپەڕی (بغداد الیوم) گووتی: فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركی كاروانێكی سەربازیی عێراقی سەر بە ھێزە پاسەوانەكانی سنوور كردە ئامانج، كە فەرماندەی لیوای سێ فەرماندەیی سنووری تێدابوو لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و ئەفسەری دیكە.

گووتیشی: " سوپای توركیا ئەو كاروانە عێراقییەی بوردوومان كردووە.

جەختیشیكردەوە، "ھیچ ئەندامێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لەگەڵ كاروانە بەئامانجكراوەكەدا نەبووە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئەمڕۆ سێشەممە 11ئابی 2020 توركیای تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشەی باكووری ھەولێر.

شانەكە گووتی: دەستدرێژیەكی دوژمنكارانەی زەقی توركیایە، بە رێگای فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان ئۆتۆمبێڵێكی سەربازیی پاسەوانانی سنووریان لە ناوچەی سیدەكان كردە ئامانج و بووە ھۆی شەھیدبوونی لیوای دووەمی پاسەوانانی سنووری ناوچەی یەكەم و ئامر فەوجی سێیەم له‌ لیوای دوویەم و شوفێری ئۆتۆمبیلەكە.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، قائیمقامی سۆران، كرمانج عزه‌ت، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ "كوردستان24" رایگه‌یاند، له‌ ئاكامی ئه‌و بۆردومانه‌دا، دوو ئه‌فسه‌ری باڵای پاسه‌وانی سنوور شه‌هید بوون و دوو كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون و ته‌رمی شه‌هیده‌كان گواستراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور ویستوویانه‌ به‌ گفتوگۆ داوا له‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ بكشێته‌وه‌ و دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی توركی كراونه‌ته‌ ئامانج.

له‌ ئاكامی بۆردومانه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنوور و فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوور، عه‌مید زوبێر حالی برادۆستی له‌ ئاكامی بۆردومانێكی توركیا شه‌هیدبوون.