راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان

هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی شه‌هیدبوونی دوو فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور و بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "كوردستان24" نێردراوه‌، هاتووه‌: "دووپاتیدەكەینەوە، پێویستە  PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان

كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێشەممە، رێكەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدراڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فڕۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج و بەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن بە ناوەكانی (عمید محەمەد رەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و (عقید زوبێر حالی تاجەدین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور). هەروەها (عقید حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن) بریندار دەبێت.

لێرەدا دووپاتیدەكەینەوە، كە پێویستە  PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.

بەم بۆنە خەمناكەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە، كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین و خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ

حكومەتی هەرێمی كوردستان

11/8/2020