پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق

لەوانەیە رێگه‌ بە بەكارھێنانی ھێزی سەربازی لە دژی عێراق بدرێت

K24 - ھەولێر:

پسپۆڕێكی یاسایی رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە عێراق كرد ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا بكات، ئەگەر عێراقیش پابەند نەبێت دووچاری سزای سەربازی و ئابڵوقە دەبێتەوە.

عەلی ئەلتەمیمی، پسپۆڕی یاسایی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ده‌ركردنی بڕیارەكانیدا پەیڕەوی پلەبه‌ندی دەكات، لە  سەرنجڕاكێشان و ئاگاداركردنەوە دەستپێدەكات و دوای ئەوە لیژنە درووستدەكات و قەدەغەی گەشتكردن و ئابڵووقە ئابووری دەسەپێنێت. دواتریش بەپێی مادەكانی 38 تاكو دەگاتە 51 لە پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر سزاكانی سەربازی و چاودێریكردن كاتێك دەوڵەتان بە بڕیارەكانی پابەند نابن .

ئاماژەشیكرد، "ئەگەر عێراق پابەند نەبێت دەكەوێتە بەردەم ئەو بژاردانە؛ چونكە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ زیاترین كاریگەری ھەیە لە سەر یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان و ھەر ئەمەشە دەوڵەتان دەڕووخێنێت وەك لەگەڵ عێراق روویدا پێش ساڵی 2003 وھێڵەكانی 36 و 32".

گووتیشی: "لەگەڵ ئەمەشدا پرۆژەی یاسای ئەمەریكی ھەیە، كە كۆنگرێس پێشنیازی كردووە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەمە یاسایە جیایە لەگەڵ بڕیارەكانی گەنجینەی ئەمەریكا كە مەعنەوییە، بەڵام ئەم یاسایە كە دوای 90 رۆژی دیكە دەردەچێت، ره‌نگێكی نێودەڵەتیی پێوەیە و لەوانەیە رێ به‌ بەكارھێنانی ھێزی سەربازی بدات لەناو عێراقدا ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

عەلی ئەلتەمیمی، پسپۆڕی یاسایی
عەلی ئەلتەمیمی، پسپۆڕی یاسایی