تەندروستی رووسیا زانیارییەكی مژدەبەخشی ڤاكسینە نوێیەكەی ئاشكرا كرد

ماوەی مانەوەی بەرگری لەش بە ڤاكسینەكە ئاشكرا دەكات

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی رووسیا رایگەیاند، تاقیكردنەوەی بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینەی لە دژی كۆرۆنا بە دوو قۆناغ كراوە، دەریخستووە كە ماوەی مانەوەی بەرگری لەشی مرۆڤ لە دژی ڤایرۆسەكە بۆ ماوەی 2 ساڵ دەمێنێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی رووسیا بڕوانامەی تۆماركردنی یەكەم پێكوتەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند، كە لە لایەن ناوەندی نەتەوەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە پەتاكان و زیندەزانی ورد "گامالیا" پەرەی پێ دراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو ڤاكسینە سەرجەم تاقیكردنەوەكانی سەلامەتی و كارامەیی پێویستی لەسەر ژمارەیەك ئاژەڵ و دواتریش دوو گروپی خۆبەخش بڕیوە و سەركەوتن و كارامەییەكەی پشتڕاست كراوەتەوە.

پێشتر هەر ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا تۆماركردنی یەكەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنای لە جیهان راگەیاند.

پوتن لە میانەی كۆبوونەوەی حكومەتی وڵاتەكەیدا لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە گوتی: "پێم راگەیەندراوە، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان تۆماركرا".

كاتێك پوتن داوای لە وەزیری تەندروستی وڵاتەكەی كرد وردەكاری زیاتر لەبارەی پێكوتەكەی پێ بدات، گوتی: "دەزانم ڤاكسینەكە بەشێوەیەكی زۆر كارامە كار دەكات و بەرگرییەكی سەقامگیر لە لەشدا درووست دەكات و دووبارەشی دەكەمەوە، ئەو ڤاكسینە هەموو قۆناغەكانی تاقیكردنەوەیی بە سەركەوتوویی بڕیوە".

سەرچاوە: نوفوستی

H.B