ئیداره‌ی خۆسه‌ر یاسای دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی كۆچكردووانی راگرت

ھەوڵدەدات دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت

K24 - ھەولێر:

بەھۆی ئەو فشار و ناڕەزاییە زۆرەی دروستبوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر پاشگەزبوونەوەی خۆی لە جێبەجێكردنی یاسای دەست بەسەرداگرتنی  موڵك و ماڵی ھاووڵاتیانی ئاوارە و پەنابەری رایگەیاند.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە بەھۆی لێكەوتەكانییەوە ھات لە ئەنجامی جێبەجێكردنی یاساكە و باش تێنەگەیشتن و جیاوازی لە راڤه‌كردنی مادەكانیدا.

ھەروەھا گووتی: ھۆكاری دیكەی پاشگەزبوونەوە ئەوە بوو "یاساكە ھەرایەكی لە راگەیاندنەكاندا نایەوە و لە ناوەندەكانی مافپەروەری، یاسایی، كۆمەڵگه‌ی مەدەنی، دەستە و كۆمەڵە تایبەتەكان و ناوەندەكانی میللی و تەواوی رۆڵەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ھەندەران مشتوومڕێكی گەورەی لێكەوتەوە".

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بڕیاریدا جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2020 (یاسای پاراستن و بەڕێوبردنی موڵك و ماڵی ئەوانەی لە وڵات دەرچوونە) راگرێت و جارێكی دیكە چاوپێخشاندنەوەی پێدا بكرێتەوە و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی "لەگەڵ خواست و مافەكانی رۆڵە و گەلانی ئەو ناوچەیە بگونجێ".

یاساكە دووچاری رەخنەیەكی زۆر بوویەوە و گەیشتە ئەو رادەیەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر تومەتبار بكرێت بەوەی ھەوڵدەدات دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت و دەستبگرێت بەسەر موڵك و ماڵی ئەو كەسانەی لە ناوچەكە كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی یاساكە لیژنەیەك پێكدەھات بۆ پارستنی موڵك و ماڵی ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە. یاساكە ھەموو ئەوانەشی دەگرتەوە، كە ساڵێك یان زیاتر لە ساڵێكە سووریایان جێھێشتووە "بەمەبه‌ستی نیشتەجێبوونی بەردەوام و ژیانكردن لە دەرەوەی وڵات". یاساكە، پێناسەی كۆچكردوو دەكات بەوەی "ھەر كەسێكە رەگەزنامەی سووری یان حوكمی رەگەزنامەی سووری ھەبێت و نیشتەجێی بەردەوامی ھەبێت لە دەرەوی سووریا و ھیچ لە نزیكەكانی  لەپلە یەك و دووی لە سووریا نەبێت.

لیژنەكە لەماوەی دووربوونی  كەسەكە، ئیدارەی خۆسه‌ر وەبەرھێنان لە موڵكەكانیدا دەكات و كەسەكە ھیچ مافێكی نابێت لە داھاتی موڵكەكانیدا. ئەمە "بەبێ دەستوەردان  لە مافی بنەڕەتی".