سەرەڕای هەوڵەکانی ئەردۆغان، داکەوتنی بەهای لیرە ناسەقامگیری دروستکردووە

وەبەرهێنەران متمانەیان بە ئابووری تورکیا لاواز بووە

K24 - هەولێر

بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە، وەبەرهێنەران متمانەیان بە ئابووریی تورکیا لاواز بووە بە نەرێنییەوە لێی دەڕوانن.

ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات؛ سەرەڕای هەوڵەکانی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ نیشاندانی وێنەیەکی باشی ئابووریی وڵاتەکەی، بەڵام وەبەرهێنەران متمانەیان بە ئابووریی تورکیا نەماوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، وەبەرهێنەران بە نەرێنییەوە لە دۆخی بانکەکانی تورکیا دەڕوانن، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو داکەوتووە.

شارەزایان پێیان وایە، داکەوتنی بەهای لیرە هاوشێوەی ساڵی 2018ـەیە، کە ئەو کاتە بە شێوەیەکی پێوانەیی و پێشبینینەکراو داڕما، هۆکاری سەرەکیی داڕمانی بەهاکەش بۆ خراپیی پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە دەگەڕایەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکی رێژەی 18٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە، شارەزایان لە بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمەریکا، پێشبینی دەکەن لە سێ بۆ شەش مانگی داهاتوو، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستی 7.75 و 8 لیرە دابەزێت.