ئیمارات و ئیسرائیل رێككهوتن
K24 - ھەولێر:
بەچاودێری ئەمەریكا، میرنشینه یەكگرتووهكانی عهرهب (ئیمارات) و ئیسرائیل گەیشتنە "رێككەوتنێكی مێژوویی" بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانییان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشی ههریهك له ئهمهریكا و ئیمارات و ئیسرائیلدا هاتووه: سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ و جێنشینی ئەبووزەبی، محەمەد بن زاید ئال نھیان، ئەمڕۆ بەیەكەوە قسەیان كردووە و رێككەوتوونە لە سەر ئاساییكردنەوەی تەواوی پەیوەندییەكان لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیماراتدا.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "رێككەوتنەكە ههڵبڕانێكی دیپلۆماسی مێژووییە و دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و بەڵگەیە لە سەر سەركەوتنی دیپلۆماسییەتی بوێر و دیدگای ھەر سێ سەركردەكە و بوێری ھەر یەك لە ئیمارات و ئیسرائیل لە سووربوونیان لە سەر نەخشەكردنی رێڕەوێكی نوێ، كە رێگا بەئازادكردن و دەرخستنی توانا گەورەكان دەدات لە ناوچەكەدا".
ھەروەھا ھاتووە: ھەر سێ وڵات رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری ھاوبەش دەبنەوە و سوود لەم دەسكەوتە مێژووییە وەردەگرن.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ھەندێك لە بەرپرسانی كۆشكی سپیی گواستووەتەوە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە نێوان ترەمپ، ناتنیاھۆ و جێنشینی ئەبووزەبی، شێخ محەمەد بن زاید ئال نھیان رێككەوتنی ئاشتی ئەنجام دراوە.
ھەروەھا بەرپرسان گووتوویانە: لە چواچێوەی رێككەوتنەكەدا ئیسرائیل رازی بووە بەھەڵپەساردنی سەپاندنی سەروەری خۆی بە سەر ھەندێك لە ناوچەكانی كهناری رۆژئاوادا.
سەرچاوە: ئاژانسەكان