رێكخستنەوەی خاڵە گومرگییەكان خێراتر كرا

بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگی دادەمەزرێنرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە ڕێکخستنەوەی کاری دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگی درا، کە سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگی ھەرێمی كوردستانە. وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ راسپێردراون بە دانانی میکانیزم و رێکخستنی کارەکانی ئەم بەڕێوبەراییەتیە  لە خاڵە گومرگییەکان.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی گووتی: دەست بەھەموو رێكارەكان كراوە بۆ ڕێکخستنی کاری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و بە تایبەتیش دیاریکردنی میکانیزمی کارکردنی ئەو بەڕێوبەرایەتییە. وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ کار لەسەر میکانیزمی کارەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتییە دەكەن و رێگری لە ھەموو كارێكی نایاسایی و بێ سەروبەری خاڵە سنوورییەكان دەكەن.

محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش جەختیكردەوە،  بە درووستکردنی بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگی بۆ چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەكان سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەیە لە خاڵە سنوورییەکان چارەسەر دەکرێن، بەتایبەت کە ئێستا لەچەند خاڵێکی گومرگیدا ناڕوونی ھەیە و بەشێك لە داھاتەكانیشان دیار نین.

بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگەکان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت و لە سەرجەم خاڵە گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستان بەرپرس دەبێت لە چاودێریکردنی بازرگانی و کوالێتی و ئەو مامەڵانەی لە رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەوە دەکرێن و ئەمەش وادەكات كۆتایی بھێنێت بەو بۆشاییە یاسایی و بێسەروبەرییەی لە بەشێك لە خاڵە سنوورییەكاندا ھەیە.