بۆ ده‌ركردنی سوپای توركیا عێراق داوای هاوكاری له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات

داوای ھاوکاری دیپلۆماسی لێکردوون

K24 - ھەولێر:

عێراق داوای ھاوکاری كرد لە وڵاتانی عەرەبی بۆ دەرکردنی سەربازانی تورکیا لە ناو خاكی عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: داوای ھاوکاری لە وڵاتانی عەرەبیی ھاوپەیمانی کردووە گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی سەربازەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد: پەیوەندی کردووە بە ھاوتاکانی لە میسر، ئوردن، سعوودیە، کوەیت و کۆمکاری عەرەبی و داوای ھاوکاری دیپلۆماسی لێکردوون.

فوئاد حسێن داوای لەو وڵاتانە کردووە گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی سەربازەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بھێنێت.

دوو رۆژ دوای بۆردومانەکانی تورکیا لە سیدەکان و شەھیدبوونی دوو فەرماندەی سەربازی پاسەوانانی سنوور، بۆ سێیەم جار وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بانگھێشتکردووە و یاداشتنامەیەكی نەڕه‌زایی بەرامبەر بەھێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق رادەستكردووە.