تاران: ئیمارات بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ھەڵەیەكی ستراتیجی دەكات

ئێران: رێكەوتنەكە خزمەت بە ئاشتی و ئارامی ناكات

 K24- ھەولێر

یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، حسێن ئەمیر عبدوللھیان رایگەیاند، ئیمارات بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئسرائیل "ھەڵەیەكی ستراتیجی"  دەكات و خزمەت بە بەردەوامیی دان بە تاوانەكانی "زایۆنی" دەدات، كە " قەوارەیەكی درووستكراو و تاوانكار"ە.

لە تویتێكیدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی، عەبدوللھیان بە توندی رەخنەی لە ئیمارات گرت لەسەر ئەنجامدانی ئەو رێكکەوتنەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا و گووتی: "رێبازە نوێیەكەی ئیمارات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلی تاوانكار و قەڵپ، خزمەت بە ئاشتی و ئارامی ناكات، بەڵكو خزمەت بە تاوانە بەردەوامەكانی زایۆنی دەكات".

گووتییشی: "رەفتاری ئەبووزەبی ھیچ پاساوێكی نییە و سەبارەت بە پرسی فەلەستین، گەڕانەوەیە بەرەو دواوە و ئەنجامدانی ئەو ھەڵە ستراتیجییە، ئیمارات نوقمی ئاگری زایۆنی دەكات".