رووسیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا

"ڤاکسینەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەردەست دەبێت"

 

K24 - هەولێر

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی رووسیا رایگەیاند دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەگوتەی وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە، یەکەم بڕی ڤاکسینەکەیان بەرهەمهێنا.

هەندێک لە زانایان دەڵێن، بەهۆی خێرایی رەزامەندی دەربڕین لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە، مۆسکۆ رەنگە تەنیا لەبەر ئەوەی بڵێن رووسیا یەکەم وڵاتە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوەندە گوێی بە سەلامەتیی ڤاکسینەکەی نەدابێت.

رووسیا رایگەیاندووە، ڤاکسینەکەی کە یەکەم ڤاکسینی تۆمارکراوی دژی کۆرۆنایە لە جیهان، لە کۆتایی ئەو مانگەدا بەردەست دەبێت.

ئەو رەزامەندییە لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە، بەشێوەیەکی ئاسایی دوای قۆناغی سێیەمی بەرهەمهێنانی ڤاکسین دەبێت، کە تێیدا هەزاران کەس ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیدەکرێتەوە، ئەمەش بە قۆناغێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ رەزامەندی نیشاندان لەسەر بەرهەمهێنانی هەر ڤاکسینێک.

ڤاکسینە رووسییەکە ناونراوە "سپۆتنیک ڤی" وەکو وەبیرهێنانەوەیەک بۆ یەکەم سەتەلایتی یەکێتیی سۆڤییەت کە هەمان ناوی هەبوو.

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا دڵنیایی داوە لەوەی ڤاکسینەکەیان بێ زیانە و جەختیشی کردووەتەوە لەوەی یەکێک لە کچەکانی وەکو خۆبەخش ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە.

دامەزراوەی گامالیا، کە ڤاکسینەکەی بەرهەمهێناوە رایگەیاندبوو رووسیا تاوەکو کۆتایی دیسەمبەر و سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، نزیکەی پێنج ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە بەرهەمدەهێنێت.