دروستکردنی 13 بەنداو لەلایەن ئێران، مەترسی لەسەر ژینگەی گەرمیان دروست دەکات

kurdistan24.net

K24 - دەربەندیخان

دوای شەش ساڵ كاركردن بۆ گلدانەوەی ئاوی رووباری سیروان و گۆڕینی رێرەوەکەی، لە ئەنجامدا ئێران توانی لەڕێگەی 13 بەنداوی گەورە و بچووکەوە، ئاوی سیروان بۆ ناو خاکەکەی بگوازێتەوە، ئەمەش سوودی بۆ رۆژهەڵات و زیانێکی گەورە بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

ئێران لەڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە بە درێژایی 900 کیلۆمەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان. ئێران بەم پلانەی 50 ھەزار ھێکتار زەوی لە دێمەوە دەگۆڕێت بۆ ئاوی، کوردستان و عێراقیش گەورەترین زەرەرمەندی کەمبوونەوەی ئاوی سیروان دەبن، بەو پێیەی 70٪ـی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە خاکی ئێرانەوە دەڕژایە نێو بەنداوەکە.

عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێ "ئەو ئاوەی لە رووباری سیروانە بەڕێژەی 70٪ـی لە ئێرانەوە دێت و تەنیا 30٪ـی لە هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت، بەڵام ئێران پڕۆژەیەکی زۆر گەورەی، کە بە پڕۆژەی ئاوی گەرمەسێر ناسراوە لەسەر دروستکردووە، بۆیە لە ئاییندەدا ئەو بڕە ئاوە ناگاتەوە هەرێمی کوردستان و تەنیا 30٪ دەمێنێتەوە".

لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو پرۆژەیەی ئێران لەسەر داهاتووی ئاو لە هەرێمی کوردستان عەبدولموتەڵیب باس لەوە دەکات "بەدڵنیاییەوە ئەمە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ئاییندەی ئاو لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی گەرمیان دەبێت، هەروەها کاریگەریی لەسەر پارێزگای دیالە دەبێت. ناوچەی گەرمیان لەمێژە تووشی گرفتی بەبیابانبوون بووە و ئەمەش تەنیا بە ئاو چارەسەر دەکرێت، بەڵام لە ئاییندەدا کە ئاو نەمێنێت، کێشەکان دەتەقنەوە و کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ژینگەی گەرمیان دروستدەکات، هەروەها کاریگەری لەسەر بەنداوی دەربەندیخان و بەنداوی حەمرین دروست دەکات، کە لە ئاییندەدا ئەم دوو بەنداوە هیچ گرنگییەکیان نامێنێت".

ئەگەرچی ئەرکی حکومەتی عێراقە لەگەڵ ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر گۆڕینی رێڕەوی ئاوی سیروان لەناو خاکی ئێران گفتۆگۆ بکات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا زیانی گەورەی ژینگەیی و کەمئاوی رووبەڕوو نەبێتەوە، بەڵام بێدەنگیی حکومەتی عێراق وایکرد ئێران پلانی ستراتیژیی خۆی لەسەر ئاوی سیروان جێبەجێ بکات.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان باسی ئەو ناوچانە دەکات کە بەهۆی پڕۆژە ئاوییەکەی ئێران زەرەرمەند دەبن و دەڵێ "بەنداوی دەربەندیخان کە هەموو گەرمیان و حەوزی دیالە و تاوەکو بە 30 کیلۆمەتر دەگاتە بەغدا، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و سیروانیان بۆ دەڕوات، بەدڵنیاییەوە ئەو ناوچەیە کە ناوچەیەکی کشتووکاڵیی باخداری زۆر گرنگن لە عێراق زەرەرمەندی یەکەم دەبن لەو کێشانە، چونکە راستە لە زستان و وەرزی باراندا ناتوانن زۆر کۆنترۆڵی ئاوەکە بکەن، بەڵام لە وەرزە وشکەکاندا هەروەها لە هاوین و پاییز و وشکەساڵیدا، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر ئەو ناوچانە، بەپێی دەستووری عێراقیش ئەو ئاوانەی هاوبەشن لەنێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، پێویستە حکومەتی ناوەندی بەدواداچوون بۆ ئەو کێشانە بکات".

جگە لە بەرھەمھێنانی کارەبا، رووباری سیروان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دوو قەزا و چوار ناحیەی ھەرێمی کوردستانە، لەگەڵ تەواوی پارێزگای دیالە، ھاوکات زیاد لە ملیۆنێک و 500 ھەزار دۆنم زەوی ئاوی لە گەرمیان و پارێزگای دیالە پشت بەو ئاوە دەبەستن و، بەگرتنەوەی رێژەی 70٪ـی ئاوەکەش لەلایەن ئێرانەوە، ئەم زەوییە ئاوییانەش دەبنە زەویی دێمی.

 

هـ.ر.