لە ئوسترالیا پیاوێک هاوسەرەکەی لە دەمی قرش رزگاردەکات

بە بۆکس لە قرشەکەی داوە تاوەکو دەمی کردووەتەوە

K24 - هەولێر

لە ئوسترالیا ژنێک لە دەمی قرشێکی سپیی گەورە رزگاری بوو، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بە بۆکس لە قرشەکەی دا، تاوەکو دەمی کردەوە.

میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویان کردەوە، ژنەکە ناوی شانتێل دۆیلـە و تەمەنی 35 ساڵە، قرشێکی سپیی گەورە گازی لێ گرتووە و لەلای راستییەوە: قاچ، پشت و سمتی گرتووە و برینداری کردووە، لەکاتێکدا رۆژی شەممە لە کەناراوەکانی شێلی لە نیوساوس وێڵز لە ئوسترالیا مەلەی کردووە.

ستیڤن پێرس، بەرپرسی سەلامەتیی و رزگارکردن لە دامەزراوەی NSW لە ئوسترالیا، لەبارەی چۆنییەتی رزگاربوونی ژنەکە بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوتووە "لەکاتێکدا قرشە سپییەکە هێرشی کردووەتە سەر ژنەکە، هاوسەری ئەو ژنە کە لەو کاتەدا لەنزیکییەوە لەسەر لەوحێک خلیسکینەی لەسەر ئاو کردووە، خۆی هەڵداوەتە نێو ئاوەکە و بە بۆکس لە قرشەکەی داوە، تاوەکو دەمی کردووەتەوە، دواتر یارمەتیی ژنەکەی داوە و لە کەنارەکە دەریهێناوە، بەڕاستی کارەکەی پاڵەوانانە بووە".

لەدوای رووداوەکە، کەناراوەکە داخراوە بۆ ئەوەی شوێنی قرشەکە دیاری بکرێت. بەگوتەی پێرس لەماوەی چەند مانگی رابردوودا "چەند رووداوێکی تراژیدی لەو کەناراوە روویانداوە کە پەیوەندییان بە قرشەوە هەبووە".

هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە مانگی ئابداین، بەڵام ئەمساڵ (2020) پێنج کەس بەهۆی هێرشی قرشەوە لە ئوسترالیا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە تەواوی ساڵی رابردوو، سێ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدابوو.

 

هـ.ر.