شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار

تاڵەكانی قژی كرووەتە ڤڵچە و سووراوەكانی یەكەم رەنگی تابلۆكانی دەبێت

K24 – سلێمانی

دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجە دەبێت و قژی دەبڕێت چەند ڤڵچەیەكی لێ دروست دەكات، ئەوە دەبێ سەرەتا بۆ چوونە ناو كاری ھونەری، دەست دەكات بە دروستكردنی تابلۆ، یەكەمە تابلۆ بە رەنگی سووراوەكەی دەكێشێت، ئەو ئێستا چاكبووەتەوە و وەكخۆی دەڵێ، بووەتە خاوەن چەندین تابلۆ و بەشداری لە چەند پێشانگایەك كردووە.

ھێڤی حوسێن، دانیشتووی شاری سلێمانییە و چەند ساڵێك لەمەوبەر تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام بەھێزی و سەلیقە ئەو وا دەكات نەك ھەر نەخۆشییەكە ببەزێنێ، بەڵكو ببێت بە شێوەكار و خاوەن چەندین تابلۆ. كە ئێستا شانازی بە كارەكانییەوە دەكات.

ھێڤی، بە كوردستان24ی گوت: "سەرەتای دەستپێکردنی بەکاری هونەریم وەك شێوەکاری بەهۆی تووشبوونم بە نەخۆشییەکەوە بوو، کە تووشی شێرپەنجە بووم دکتۆر پێی راگەیاندم من ئەو نەخۆشییەم هەیە، وەک هەر کەسێکی دیكە کە ئەم هەواڵەم ببیست بێتاقەتی کردم، هەرچەندە دەمزانی شێرپەنجە ئاوا ئاسان نییە، بەڵام کە سەیری خۆمم دەکرد من پڕاوپڕبووم لە ژیان، بۆیە بەدەستەکانی خۆم فرمێسکەکانی خۆمم سڕیوەو گوتم هێڤی تۆ دایکی دەبێ بەهێز بیت، بۆیە دوای چەند رۆژێک چوومە بەر ئاوێنە، بڕیارمدا خۆم قژەکانی خۆم کورت بکەمەوە، چونکە زۆرم خۆش دەویستن، بۆیە لەوکاتەدا ئەوە بە خەیاڵمدا ھات، قژەکانم فڕێ نەدەم و چەند فڵچەیەکی لێ دروست بکەم، چونکە من هیچ کات وێنەیەکی زۆر سەرەتایشم نەکێشابوو هیچم لە هونەری شێوەکاری نەدەزانی، بۆیە هیچم لەبەردەستدا نەبوو پاکەتی دەرمانەکانم وەرگێڕایە رووی ئەودیو فڵچەکەم بە سوراوەکانم رەنگ كرد، دوای چەند خولەکێک بەخۆدا هاتمەوە وێنەیەکم کێشابوو سەیر لەوێنەکە نەبوو سەیر ئەوەبوو من هیچم لەوبارەوە نەدەزانی، بۆیە خەندەیەک هاتە سەرلێوەکانم و بەخۆمم گوت هێڤی ئەمە مژدەی خودایە بۆتۆ کە دەتوانی ئەم نەخۆشییە تێپەڕێنی، بەڵێ هەر وابوو من ئەو رۆژە یەکەم تابلۆی خۆم کێشا، ئێستا من شێوەکارم بەشداری سێ پێشانگام کردوەو تابلۆکانم خستووەتە ماڵەکانی ئێوە لەگەڵ ئەوەشدا توانیوومە وەک بژێوی ژیانی خۆم سوودی لێوەرگرم".

ھێڤی دەڵێ: "تابلۆکانی من زۆرینەیان خەیاڵیین خەیاڵی ئافرەتێک کە دەیەوێ رۆح بکاتەوە، بەبەری ژیاندا هەروەها سرووشت، بەڵام سرووشتی راستەقینە نا سرووشت لە خەیاڵی مندا، چونكە لە تابلۆکانمدا دەمەوێت لە نەبووەکان بوون دروست بکەمەوە، ئەمەوێ تابلۆکانم هیوا ببەخشن نەک ئازار".

ئەو ئێستا بە ئومێدەوە درێژە بە ژیان دەدات و باس لەوە دەكات: "پێش ئەوەی ببمە هاوڕێی هونەر، ژیانی من رەش وسپی بوو، ئێستا هونەر ژیانی منی رەنگ کردووە".

ھێڤی حوسێن، دەشڵێت: "دەمەوێت ببمە نموونەیەک بۆ ئەوکەسانەی كە بێ هیوابوون لە ژیان، ئەوە بێ هیوایە بەهۆی نەخۆشییەکەوە بێت یا بەهۆی کێشەیەکەوە بێت، من پێیان ئەڵێم تەنیا پێویستان بە رۆحێکی بەهێز هەیە، نەک جەستەیەکی بەهێز، هەوڵبدەن هێڤییەک بخەیتە رۆحی خۆتانەوە تا بتوانی بۆی بژین، دڵنیابن دەتوانی هەموو کێشە و ئازارەکان تێپەڕێنن".

هێڤی حسێن، لە دایکبووی شاری سلێمانییە و تەمەنی مناڵی لەهەولێر بەڕیکردووە، ماوەی دوو ساڵە گەڕاوەتەوە سلێمانی، وەكخۆی دەڵێ، بەهۆی چەند هۆکارێک لە دوای قۆناغی ناوەندی نەیتوانیوە درێژە بە خۆێندن بدات. ئەو ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو دایكی دوو کچە.

ھ.م

شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار
شێرپەنجە ژنێك دەكاتە شێوەكار