بایدن: دەبێت ئەردۆغان تێبگەیەنین هەڵەیە و باجی هەڵەکەشی بدات

"پێموایە دەبێت بەتەواوی سیاسەتمان بەرامبەر ئەردۆغان بگۆڕین"

K24 - هەولێر:

جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە دوایین چاوپێکەوتنیدا باسی کورد و تورکیا و سیاسەتی ئەردۆغان دەکات لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش بەرامبەر کورد.

بایدن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئەگەر ببیتە سەرۆکی ئەمەریکا، "چۆن دەڕوانیتە سیاسەتەکانی ئەردۆغان؟، سیاسەتت بەرامبەر تورکیا و ئەردۆغان چۆن دەبێت؟"، گوتی: "زۆر نیگەرانم لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان. دەبێ کورد بەشداری پێبکەین لە پرۆسەی سیاسیدا و، پاڵپشتی تەواوی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بکەین و شکست بە ئەردۆغان بھێنین".

بایدن بەتووندی قسە لە دژی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا دەکات و دەڵێ "من پێموایە دەبێت بەتەواوی سیاسەتمان بەرامبەر ئەردۆغان بگۆڕین. بەڕوونی پێی بڵێین ئیدی ئێمە پاڵپشتی لە سەرکردایەتیی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین. تێیبگەیەنین ئیتر سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کورد دەیانەوێت لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن و بۆ ماوەیەکیش لە پەرلەمان و سیاسەتدا بەشداربوون، بەشدارییان پێبکەین. دەبێ ئێمە تێیبگەینین ھەڵەیە و دەبێ باجەکەشی بدات".

بایدن ئاشکرایكرد، پێشتریش وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوو جار بەتایبەتی لەسەر پرسی کورد لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە، بەڵام وەک دەڵێ: ئەو پرسە ھیشتا زیندووە و چارەسەر نەبووە.

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا جەختیكرده‌وه‌، لەوەی "دوایین شت کە من داوا لە ئەردۆغان دەکەم لەبارەی کوردەوەیە. ئەمە دوا شتە و پیشتریش دووجار لەبارەی کورد کۆبوونەوەم لەگەڵیدا هەبووە، ھیشتا ئەوەش کۆتایی نەھاتووە. پێموایە ئەمانە کارێکی زۆریان دەوێت بۆئەوەی پێکەوە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا یەکبگرین و بیر لەوە بکەینەوە؛ چۆن کارەکانی ئەردۆغان لەناوچەکە قەتیس بکەین، بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پەیوەست بە نەوت و زۆر بابەتی دیکە، کە ماوەیەکی زۆری دەوێت، وەڵامەکە ئەوەیە: بەڵێ من نیگەرانم".

بایدن، کامالا هێرسی وەکو جێگری خۆی دەستنیشانکردووە کە ئەویش زۆر دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە و بەیەکەوە لەسەر ئەم بابەتانە لە تورکیا نیگەرانن: کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی رووسی، رێگریکردن لە بەکارھێنانی بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە شەڕی دژی داعش، شەڕفرۆشتن بە یۆنان، گەڕان بەداوی نەوت لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەستتێوەردان لە سووریا و لییبیا.

بایدن دەڵێ ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ھەموو ئەو بابەتانە لەگەڵ تورکیا یەکلایی دەکاتەوە.

دەقی گوتەکانی جۆو بایدن

هـ.ر.