بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ كڕیار و پڕۆسەی ھاوسەرگیری كەمكردووەتەوە

"ئه‌وانه‌ی ئێستا هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن كه‌متر 10 مسقاڵ زێڕ ده‌كڕن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێر، پرۆسەی ھاوسەرگیری کەمبووەتەوە، بەگوتەی بەشێک لە زێرینگەرانیش ئەوانەشی ھاوسەرگیری دەکەن، کەمتر لە 10 مسقاڵ زێڕ ده‌كڕن، چونکە توانای دارایی گەنجان ئەوە نییە بتوانن وەک پێشوو زیاتر لە 20 مسقاڵ بکڕن.

ئێستا گەنجان ترسیان لە پڕۆسەی ھاوسەرگیری ھەیە، بەھۆی گرانی زێڕ، ئەوانەشی ھاوسەرگیری دەکەن و روودەکەنە دادگاکان پێشتر رێكکەوتنیان کردووە، لەوەی کەمترین مسقاڵ زێڕ بکڕن.

زێڕینگەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەو كاتەی نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، لەماوەی ھەفتەیەكدا تەنھا یەک بۆ دوو بووک  بۆ کڕینی زێڕ سەردانیان دەكەن، ئەوانەشی زێریان کڕیووە کەمتر بووە لە 10 مسقاڵ.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەربەستێكی گەورەی لەبەردەم بەشێكی گەنجان دانا، بۆ ئەوەی ھاوسەرگیری نەکەن، دووکانی زێڕینگەران ھەموویان خاڵین لە کڕیار، جگە لەوانەی کە زێڕەکانیان دەکەن بە پارە.

پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ھەر کچێک ھاوسەرگیری كردبا، 20 بۆ 30ی مسقاڵ زێڕی  بە ھاوسەرەكەی دەكڕی، بەڵام ئێستا بە گوتەی بەشێك لە زێڕینگران کەمتر لە 10 مسقاڵ یان زیاتر ھەڵدەگرن و ئەنجامدانی ھاوسەرگیریش زۆر كەمیكردووە.