چیرۆكی ئەو پشیلەی لە خاوەنەكەیەوە تووشی كۆرۆنا بوو

نیان محەمەد: لەبەر كلو نەخۆشكەوتنی خۆمم بیرچووەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

رۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبین کە چەندین کەس لە ھەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن. ئێستا جگە لە مرۆڤەکان، كۆرۆنا بەرۆکی ئاژەڵی ماڵیشی گرتووە. کلو ناوی پشیلەیەکە لە سلێمانی، کە لە رێگای خاوەنەکەیەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ گواستراوەتەوە، پێکەوە رۆژانی کەرەنتینە و رۆژانی چارەسەرکردنیان تێپەڕاندووە.

نیان محەمەد، دوای ئەوەی خۆی تووشی كۆرۆنا بوو، لە کاتی  بەڕێکردنی رۆژانی کەرەنتینە، ھەست بە نەخۆش کەوتنی پشیلەکەی دەکات. لەدوای بردنی بۆلای پزیشکی تایبەت بە ئاژەڵان و پشکنین دەردەکەوێت، کلو ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە ئەمەش ئەرکی نیانی قورستر دەکات.

چیرۆکی کلو، پێچەوانەی ئەو توێژینەوە زانستیانەیە، کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەکرانەوە، کە کۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ ناگواسترێتەوە.

نیان، بە كوردستان24ی گوت: "سەرەتا وام بیستبوو كە ئاژەڵە ماڵییەكان لە ئێمەوە تووشی كۆرۆنا نابن، بەڵام دوای چەند رۆژێك تووشبوونی خۆم بە كۆرۆنا ھەستم كرد كلوش نیشانەكانی لێدەردەكەون و تایی بەرزبووەوە".

کلو بۆ ماوەی 10 رۆژ تووشی نەخۆشیەک دەبێت کە ھاوشێوەی نەخۆشی خاوەنەکەی بووە، ھەمان دەرزی و چارەسەریی بۆ کلوش لەلایەن پزیشکانی ڤێرتەرنەریەوە بۆ بەکارھێنراوە.

نیان محەمەد، دەڵێ: "تا ئەوكاتەی تووشی كۆرۆنا نەبوو نەمدەزانی خۆشەویستیم بۆ كلو چەندە، تەنانەت لەوكاتە لەبەر نەخۆشكەوتنی ئەو خۆمم بیرچووەوە".

کلو تەواوی کانەکانی نیانی پڕکردووەتەوە، دوای تێپەڕاندنی کۆرۆناش، زیاتر لە جاران ھۆگری یەکتربوون، زۆربەی کاتەکانیان پێکەوە بەسەر دەبەن.

 ھ.م