"کۆرۆنا بووەتە یەکێک لە پاڵنەرەکانی کوشتن و تووندوتیژیی دژی ژنان لە تورکیا"

تەنیا لە مانگی تەمموزدا 36 ژن کوژراون
kurdistan24.net


K24 - تورکیا

لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا 36 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون، یەکێک لەو هۆکارانەش، کە پاڵنەر بووە لە کوشتنی ژنان یان ئەنجامدانی تووندوتیژی لەبەرامبەریان، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

جگە لە کوژرانی ئەو 36 ژنە، 11 ژنی دیکەش مردنیان گوماناوییە، هێشتا هۆکاری کوشتنی 18 ژن نادیارە، پێنجیان بە هۆکاری ئابووری و 13ـشیان بەهۆی داواکردنی جیابوونەوە، کوژراون.

ڤۆڵکان تەها شەکەر، دەروونناسە لە تورکیا و دەڵێ "سێ هۆکار هەن بۆ کوشتنی ژنان: نەگونجان، جیابوونەوە و رەوشی کولتووری... دۆخی ئابووری و کۆرۆناش، کە لەم دواییەدا ژن و مێردیان ناچار کرد بەردەوام بەیەکەوە لە ماڵەوە بمێننەوە، هۆکارێکی دیکەن. بۆ ئەوەی رێگە لە تووندوتیژی و کوشتنی ژنان بگیرێت، دەبێت سزای گەورە هەبێت و کۆمەڵگە باشتر پەروەردە بکرێت".

بۆ رووبەڕووبوونەوەی کوشتنی ژنان، گەورەترین گردبوونەوە، هەر ژن ئەنجامی دەدەن. ئەو ژنانەی گرددەبنەوە دەڵێن یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی کوشتنی ژنان، نەخوێندەواری (جاهیلی) و نەزانینە.

ئەجە کەرەکوڵوکچوو، هاووڵاتییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات "کوڕان لەوکاتەی لەنێو بێشکەن تاوەکو گەورە دەبن، هەر پێیان دەگوترێت تۆ گەورەی و دەسەڵات لەدەستی تۆدایە، ئەمەش وادەکات پیاوان بیانەوێت تەواوی دەسەڵاتیان بەسەر ژنەکانیانەوە هەبێت، ئەو جۆرە پیاوانەش کە دەیانەوێت هەموو شتێک لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بێت، تووندوتیژ دەبن، بۆیە پێویستە چیدیکە کوڕان لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە نەکرێن".

لە دەستپێکی ساڵی 2020ـەوە لە تورکیا، 239 ژن بەدەستی هاوسەر یان دەستگیرانەکانیان کوژراون، کە زۆربەیان بەهۆی نەگونجان یان داواکردنی جیابوونەوە بووە.

 

هـ.ر.