سه‌یرترین مه‌رج بۆ ئاماده‌بووانی هانده‌ران له‌ پرێمه‌رلیگ

"ده‌بێت نووسراوێك واژۆ بكه‌ن ئه‌گه‌ر مردن بۆیان نییه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن"

بریارە رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو وەرزی نوێی پرێمەرلیگی ئینگڵاند دەست پێ بکاتەوە و حکوومەتی بەریتانیاش گلۆپی سەوزی هەڵکردووە و رێگە بە هاندەران دەدات جارێکی دیکە لە یاریگەکان ئامادەبن، بەڵام چەند مەرجێکیان داناوە و پێویستە هاندەران ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە ئەو هاندەرانەی ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکات، رێگەی پێ نادرێت بچێتە یاریگەکان.

یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە لە قۆناخی یەکەم تەنها رێگە بە ٪٢٥ هاندەران دەدرێت لە یاریگەکان ئامادەبن، واتە لە یاریگەی ئۆڵترافۆرد تەنها 18 هەزار هاندەر، لە یاریگەی ئیمارات ته‌نیا 15 هەزار هاندەر و لە یاریگەی ئانفێڵدیش تەنها 13 هەزار هاندەرن رێگەیان پێ دەدرێت لە یاریگە ئامادەبن.

یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە کە هاندەران پێویستە دووری نێوانی خۆیان رەچاو بکەن، هەروەک چۆن لە شوێنە گشتیەکانی دیکەش مەتر و نیوێک بۆ دوو مەتر دەبێت لە یەکەوە دوور بن.

یەکێک لە مەرجە هەرە سەیرەکان ئەوەیە کە هاندەران نابێت بە هیچ شێوەیە هیچ  دروشمێک بڵێنەوە، ئەویش لە پێناو ئەوەی کە لە کاتی گوتنەوەی دروشمەکانی یانەکەیان هەوای ناو دەمیان رێخۆشکەر بێت بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هاندەران پێش ئەوەی برۆنە ناو یاریگەکان پێویسته‌ فۆرمێک واژوو بکەن کە هیچ نیشانەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان نییە و ئەگەر لە ناو یاریگەکانیش تووشی ئەم پەتایە بوون، ئەوان خۆیان بەرپرسیارن و بۆیان نییە هیچ کاردانەوەیەکی یاسایی لە دژی یانەکەیان تۆمار بکەن، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌گه‌ری گیانیان له‌ده‌ستدانیان خانه‌واده‌كه‌یان بۆیان نییه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن.

لە کاتی چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ ناو یاریگەکان، نابێت قەلەبالغی دروست بێت و کاتێکی دیاریکراو لە نێوان هاندەرێک بۆ هاندەرێکی دیکە دیاریی دەکرێت، واتە ئەوکاتەی کەسێک ئەچێتە ناو یاریگە، پێویستە لە دوای خۆی کەسەکەی تر چەند چرکەیەک چاوەڕێ بکات، ئینجا ئەویش بچێتە ناو یاریگە.

پێویستە لە سەر خاوەن یاریگەکان واتە یانەکان چەندین شوێن بۆ هاندەران دیاریی بکەن بۆ ئەوەی پێش برۆنە ناو یاریگا، خۆیان بە مادەی پاککەرەوە بپارێزن و ئینجا سەردانی ناو یاریگەکان بکەن.