تەرمی گەنجێک بە خنکاوی لە پارکێکی رانیە دۆزرایەوە

لەماوەی مانگێکدا، سێیەم رووداوی خنکانە بە پەت لە رانیە تۆماربکرێت

K24 - رانیە

تەرمی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ، کاتژمێر 07:20ـی بەیانیی ئەمڕۆ لەژێر یەکێک لە یارییەکانی پارکی دەروازە لە قەزای رانیە دۆزرایەوە، کە شوێنەواری پەت بە ملیەوە دیار بووە.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە بارەی رووداوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "گەنجەکە رەگەزی نێرە و دانیشتووی رانیەیە، هێزەکانمان تەرمەکەیان گەیاندووەتە پزیشکی دادیی رانیە".

لە کاتی پشکنیندا لە پزیشکی دادیی رانیە، بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل "دەرکەوتووە شوێنەواری پەت لە ملی گەنجەکە هەیە".

بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە و ئاخۆ خۆی، خۆی هەڵواسیوە یان هەڵواسراوە، لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەستیپێکردووە و تەرمی گەنجەکەش بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادیی سلێمانی.

لە ماوەی مانگێکدا، ئەوە سێیەم حاڵەتی خنکانە بە پەت لە رانیە تۆماربکرێت. دوو حاڵەتەکەی پێشتر خۆهەڵواسین و خۆخنکاندن بوون.

 

هـ.ر.