سێ جگه‌رگۆشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك خۆری ژیانیان روو له ئاوابوونه.. باوكیان داوای به‌هاناوه‌هاتنیان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
"سه‌دا 60ی جه‌رگی خۆم به‌خشی به جگه‌رگۆشه‌كه‌م و هه‌موو مانگێك 340 هه‌زار ته‌نیا بۆ دوو پشكنینی جه‌رگی كچه‌كه‌م خه‌رج ده‌كه‌م. له بنهاتووم و سێ منداڵم له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدان. خۆزگه من ده‌مردم و ئه‌وان ده‌ژیان" ئه‌مه قسه‌ی باوكی هه‌شت منداڵه، كه سێ له جگه‌رگۆشه‌كانی به ده‌ست نه‌خۆشی جه‌رگه‌وه ده‌ناڵێنن و چاره‌سه‌ریان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه.
"فه‌ریق فه‌قێ دۆڵه‌مه‌ری"، خه‌ڵكی گوندی "كه‌ونه‌گوند"ه له سنووری "شێروان مه‌زن" و خۆی پێشمه‌رگه‌یه له "فه‌رمانده‌یی بارزان" و ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی بژێوی خێزانه گه‌وره‌كه‌ی مووچه‌كه‌یه‌تی، كه نازانێت بۆچی و به چی بدات، چونكه سێ منداڵی نه‌خۆشی جه‌رگیان هه‌یه و پێویستیان به چاره‌سه‌ری خێرایه.
له قسه‌كانیدا بۆ سایتی "كوردستان24"، فه‌ریق دۆڵه‌مه‌ری گوتی: له 2000ه‌وه پێشمه‌رگه‌م و له 2005 ژیانی هاوسه‌رگیریم پێكهێناوه. له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداری سه‌رجه‌م ئه‌و شه‌ڕانه‌م كردووه، كه فه‌رمانده‌ییه‌كه‌م تێیدا به‌شدار بووه، له‌وانه شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی دژ به داعش له "به‌نداوی مووسڵ"، "ره‌بیعه" و "خرابه‌ڕووت".
ئه‌و گوتیشی: "بۆ چاره‌سه‌ری منداڵه نه‌خۆشه‌كانم، ده‌ستم به ناو ماڵیشدا هێناوه، ته‌نانه‌ت بتڵی غازم له نه‌بوونی فرۆشتووه. هیچم نه‌ماوه. هیچ ده‌رگایه‌ك نه‌ماوه ته‌قه‌ی لێ نه‌ده‌م و داوای هاوكاری نه‌كه‌م. بۆ هیچ نا ته‌نیا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و منداڵانه‌م".
ئه‌و، كاتێك بۆ سایتی "كوردستان24" قسه‌ی ده‌كرد، خۆزگه‌ی ده‌خواست، كامێرای كه‌ناڵه‌كه رووی تێكردبا، ته‌واوی دیمه‌نی ناو ماڵ، ژیان و گوزه‌رانیانی پیشان بینه‌ران دابا؛ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی گوتی: "هه‌مووان ببینن، خێزانه‌كه‌م له چ ره‌وشێكدان؟ ئه‌و منداڵانه‌م چۆن له‌به‌ر چاوم له مه‌رگی ناوه‌ختیان نزیك ده‌بنه‌وه! هه‌ر چركه نا چركه‌یه‌ك حه‌سره‌تی مه‌رگیان هه‌ناووم ده‌كۆڵێت.. نازانم چی بكه‌م، زۆر بێ ده‌سه‌ڵاتم".
سه‌ره‌تای مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020، فه‌ریق دۆڵه‌مه‌ری، "رۆژین"ی 9 ساڵان ده‌باته "هیندستان" و له‌وێ رێژه‌ی له‌سه‌دا 60ی جه‌رگی خۆی پێ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بچێندرێت.
گوتی: "ئه‌و سه‌فه‌ره له‌سه‌ر ئه‌ركی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، یاڕه‌بی خوا ماڵی ئاوا بكات، كرد. چووم جه‌رگیان بۆ چاند، به‌ڵام مانگانه پێویستی به ده‌رمانه. ده‌رمانه‌كان له هیندستانه‌وه ده‌كڕم. هه‌موو مانگێكیش ده‌بێت دوو پشكنینی بۆ بكه‌م و تێچووی پشكنینه‌كان 340 هه‌زار دیناری عێراقییه".
"فه‌ریق دۆڵه‌مه‌ری" باسی له "محه‌ممه‌د"ـی 14 ساڵان كرد و گوتی: "ئه‌وم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم برده هیندستان، پشكنینیان بۆ كرد. وتیان ده‌بێت به رێژه‌ی له‌سه‌دا سه‌د جه‌رگی بگۆڕێت، محه‌ممه‌دم زۆر نه‌خۆشه. زۆر پێویستی به چاره‌سه‌ره. خۆم هیچم له توانا نه‌ماوه. هیچیش شك نابه‌م بۆی بفرۆشم (ئه‌و دڵی پڕ بوو كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد)، هانا بۆ هه‌موو خێرخوازێك ده‌به‌م، توخوا با ژیانی منداڵه‌كانم بپارێزم".
جگه له "رۆژین" و "محه‌ممه‌د"، "فریشته"ـی 13 ساڵیش پێویستی به چاره‌سه‌ره و هه‌مان نه‌خۆشی برا و خوشكه بچووكه‌كه‌ی هه‌یه، به‌ڵام فه‌ریق گوتی: "هێشتا ئه‌و ته‌ندروستی به ته‌واوی تێكنه‌چووه و نه‌خۆشییه‌كه جه‌رگی نه‌خواردووه".
فه‌ریق له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خه‌م و مه‌ینه‌تی خێزانه‌كه‌ی باسی له‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ی خۆی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی "ئاهـ و ناڵه‌ی" بگاته لای لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، به تایبه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌ك خۆی وتی: "هه‌موو هه‌وڵێكم دا و نووسراو و راپۆرتی پزیشكی بۆ منداڵه‌كانم كرا، به‌ڵام له (2ی شوبات/ فێبرایه‌ر)ی ئه‌مساڵ، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نووسراوه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه و هیچی بۆم نه‌كرد.
جگه له وته‌كانی "فه‌ریق دۆڵه‌مه‌ری"، سایتی "كوردستان24" په‌یوه‌ندی به دوو سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی ئاگادار له ره‌وشی ئه‌و خێزانه كرد و هه‌ردوو سه‌رچاوه‌كه راستیی و درووستی قسه‌كانی "فه‌ریق دۆڵه‌مه‌ری" و واقیعی ژیانی ئه‌و خێزانه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی كوردستانیان پشتڕاستكرده‌وه.
به هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ر له ناوخۆ و ئاوڕنه‌دانه‌وه له ژیانی ئه‌و 3 منداڵه، سه‌ره‌ڕای ره‌وشی ته‌ندرووستیان، باری ده‌روونی "فه‌ریق و هاوسه‌ره‌كه"ی له دڵه‌ڕاوكێ و په‌ژاره‌یه‌كی قوڵدایه، چونكه ئه‌و منداڵانه‌ی به "هه‌زار ده‌ردی سه‌ری تا گه‌یاندوونی به ئاستێك لێیان بێخه‌م بێت" (وه‌ك خۆی گوتی)، ئێستا به به‌رچاوییه‌وه خۆری ته‌مه‌نیان ئاوا ده‌بێت و "دایه و بابه"یان هیچیان له ده‌ست نایه‌ت بۆیان بكه‌ن. هۆكاره‌كه‌شی وه‌ك "فه‌ریق" گوتی: "ته‌نیا نه‌داری و هه‌ژارییه".
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌وڵدراوه، ره‌وشی ژیانی ئه‌و خێزانه بگه‌یه‌ندرێت به به‌رگوێ و دیده‌ی به‌رپرسان و ئه‌وانه‌ی توانایان هه‌یه هاوكاریان بكه‌ن، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا خۆبه‌خشانه تۆمارێكی وێنه‌یی و ده‌نگی له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه مێژووی حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ری به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام دیاره "هێشتا گریانی ئه‌و منداڵانه و شیوه‌نی دایك و باوكیان" نه‌گه‌یشتووه‌ته شوێن خۆی و ره‌وشی ته‌ندرووستی منداڵه‌كان رووی له خراپتر كردووه.
یه‌كێك له خه‌مخۆرانی ئه‌و دۆسییه‌یه، بۆ "كوردستان24" باسی له هه‌وڵه‌كانی خۆی كرد، له پێناو رزگاركردنی ژیانی ئه‌و منداڵانه، به‌ڵام "په‌ژاره و خه‌می قووڵی" خۆی نه‌شارده‌وه، له‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی "پێویسته بكرێت بۆ رزگاركردنی ژیانی سێ منداڵ و رۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته، هیچی ئه‌وتۆ نه‌كراوه".