لە ھەرێمی كوردستان كارەبا بە وزەی خۆر بەرھەم دەھێندرێت

پڕۆژەكە دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە
kurdistan24.net

K24 ھەولێر

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەست بە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەكات. پڕۆژەكە 75 مێگاوات كارەبا بەرھەمدەھێنێت و بەسەر سێ پارێزگای ھەرێم دابەش دەكرێت.

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای ھەرێمی كوردستان و وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانەكانمان بۆ بەرھەمھێنانی كارەبای زیاتر، بەرھەمھێنانی كارەبایە لە رێگەی وزە خاوێنەكان. یەكێك لە پڕۆژەكانمان بەرھەمھێنانی 75 مێگاوات كارەبایە لە رێگەی وزەی خۆرەوە، بڕی ھەر 25 مێگاوات كارەبا دابەش دەكرێت بەسەر پارێزگاكانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆك".

گوتیشی: "ئێستا پڕۆژەكە لە قۆناغی تەندەرین دایە و دەیدەین بە بەڵێندەر و دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای ھەرێم، روونیكردەوە: "بۆ بەرھەمھێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر، پێویستمان وێسگەیەكی گەورە ھەیە، ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەو پڕۆژەیەدا وەك تاقیكردنەوە سەركەوتووبین، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا پڕۆژەكە بەرفراوان بكەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "زیادكردنی بەرھەمی كارەبا راستەوخۆ كاریگەری دەبێت بۆ زیادبوونی كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتییان".

ھ.م