وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستمێكی ئەلیكترۆنی بۆ قوتابیان بەردەست دەكات

پێویست ناكات قوتابیان سەردانی زانكۆ و وەزارەت بكەن
kurdistan24.net

K24 ھەولێر

لەپێناو جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سیستمێكی ئەلیكترۆنی بەردەست كردووە، بۆ ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت خۆیان بگوازنەوە یان دابەزین ئەنجامبدەن. بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵیش لێژنەیەك پێكھێنراوە و چەندین پێشنیاز خراونەتەڕوو.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەمەبەستی ئاسانكاری زیاتر بۆ قوتابی و خوێندكاران، كە ئێستا بەھۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاتووچۆ لەنێوان شارەكان كەمبووەتەوە، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ھاوكاری پۆلەتەكنیكی سلێمانی سیستمێكی ئەلیكترۆنی داناوە، ھەر قوتابییەك بیەوێت لە زانكۆیەك بگوازرێتەوە بۆ زانكۆیەكی دیكە، بەشێوەی ئەلیكترۆنی داواكەی پێشكەش دەكات و زانكۆكە وەڵامی دەداتەوە و دواتر لە وەزارەت پەسند دەكرێت".

روونیكردەوە: "بۆ ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت لە بەشێكەوە بۆ بەشێكی دیكە دابەزین ئەنجامبدەن و خۆیان بگوازنەوە، پڕۆسەكە لەنێوان ھەردوو زانكۆ بەشێوەی ئۆنلاین بە رەزامەندی ھەردوو زانكۆ ئەنجامدەدرێت و لە شوێنە نوێیەكەی دەستبەكار دەبێت".

روونیكردەوە: "ئەم پرۆسەیە لە دوێنێ 17/8/2020 كارا كراوە، ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت گواستنەوە و دابەزین ئەنجامبدەن دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكات، لەوێ زانیار تەواو ھەیە و ھاوكات لە رێگەی ڤیدیۆ وەك فێركاری دانراوە و وردەكاری خراوەتەڕوو".

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، راشیگەیاند: "پێویست ناكات ھیچ قوتابییەك بۆ ئەم مەبەستە سەردانی زانكۆ و وەزارەت بكات".

لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، عەباس ئەكرەم گوتی: "وەك ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ، لیژنەیەكی باڵا پێكھێندراوە و چەندین پێشنیاز خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی باشترین بژاردە ھەڵبژێرین و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە سەركەوتووی بەڕێوەبچێت. بۆ بڕیاری كۆتایی چاوەڕێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت دەكەین كە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆببێتەوە".

ھ.م