چەندین جۆر دەمامك لە بازاڕەكانی كوردستان دەفرۆشرێن

سێ كارگە فەرمی لە ھەرێمی كوردستان ھەن
kurdistan24.net

K24 ھەولێر

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەندین كارگە لە وڵاتان بۆ بەرھەمھێنانی دەمامك دامەزران، لە ھەرێمی كوردستان سێ كۆمپانیای تایبەت بە بەرھەمھێنانی دەمامك ھەن، وەكخۆیان دەلێن، ھەر سێكیان بەپێی ستانداردە جیھانییەكان كار دەكەن و سەرجەم مەرجەكانی تایبەت بە بەرھەمھێنانی دەمامكیان ھەیە، بەرێوبەری كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان ئاماژە  بەوە دەكات، لە رێگای چەندین لیژنە چاودێری ئەو بەرھەمانە دەكرێت. بەرێوبەری یەكێك لەو كۆمپانیانە بە متمانەیەكی تەواو دەڵێ ركابەری بەرھەمەكانی دەرەوە دەكەین.

دەمامك و بەكارھێنانی یەكێك لە سەرەكیترین رێكارەكانی خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. ھاووڵاتییان تا رادەیەك بەكارھێنانی چەندین جۆر دەمامك پابەندی رێنماییەكانن. سەبارەت بە كوالیتی جۆری ئەو دەمامكانەی لە ھەرێمی كوردستان ھەن، شێروان سادق، بەڕێوبەری كوالیتی دەرمان و پێداویستی پزیشكی باسی ئەوە دەكات چ لەكاتی ھاوردەكردن یان بەرھەمھێنانیش ئەوان چاودێرییان تەواو مەرجی تایبەتیان ھەیە.

بەگوێرەی رێنماییەكان كوالیتی كۆنترۆڵ لە ھەرێمی كوردستان 3 كۆمپانیای تایبەت مۆڵەتیان پێدراوە بۆ بەرھەمھێنانی دەمامك، ئەو كۆمپانیانەش كار دەكەن بۆ سەرجەم شار و شارۆچكەكان.

میران گەیلان، بەڕێوبەری فرۆشی یەكێك لە كۆمپانیاكانی ناوخۆیی بۆ دەمامك ئاماژە بەوە دەكات، دەتوانن ركابەری تەواو بكەن  لەگەڵ بەرھەمەكانی دەرەوە و توانای دابینكردنی دەمامكیان ھەیە بۆ تەواوی كوردستان.

چەندین جۆر دەمامك لە بازاڕەكانی كوردستان ھەن و بەرھەمی دەرەوەن و بەشێك لە شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، چەند جۆرێكی ئەو دەمامكانە كوالیتیان باش نییە و پزیشكی نین، تەنیا لە كاتی ئاسایی گونجاوە، بەڵام بەرھەمی كارگەكانی كوردستان بەپێی ستاندارە جیھانییەكان و باشتریش دروست كراون.