بەھۆی كێشەكانی كورد لە كەركووك راكان جبووری بانگێشت دەكرێت

لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە كۆبوونەوەدان
kurdistan24.net

K24 – بەغدا

لەسەر داواكاری بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، راكان سەعید جبووری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك، بەھۆی كێشەكانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری بانگێشتی پەرلەمانی عێراق كرا.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "راكان جبووری ژمارەیەك بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگەكانی كەركووكی لەگەڵ خۆی ھێناوە و ئێستا لەگەڵ بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سیروان سیرینی ئەمینداری گشتی پەرلەمان و ژمارەیەك پەرلەمانتاری كەركووك لە كۆبوونەوەدان".

گوتیشی: "بانگێشت كردنی راكان جبووری بەھۆی بەردەوامی تەعریب و كێشەكانی ھاووڵاتییانی كوردە لە كەركووك و دەوروبەری".

ئەمە لەكاتێكدایە كە ھاووڵاتییانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان چەندین جار گلەیی ئەوەیان كردووە كە ئێستا جیاوازی زۆر لەنێوان نەتەوەكانی كەركووك دەكرێت و چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی كورد لە پۆستەكانیان لادراون، ھاوكات عەرەبە ھاودەكان جارێكی دیكە دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ و موڵكی ھاووڵاتییانی كورد.

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر وەڵامەكانی راكان جبوور بۆ بەشیر حەداد و نوێنەرانی دیكەی كورد باوەڕپێكراو نەبێت، لە رێگەی كۆكردنەوەی واژۆ داوا دەكرێت پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر دۆخی ئێستای كەركووك و دەوروبەری رێكبخات".