نەیارەکەی پوتین "ژەھرخوارد کرا"

ئەلێکسی ناڤالنی بێھۆشە

K24 - مۆسكۆ

ئەلێکسی ناڤالنی، بلاگەر و نەیاری سەرسەختی پوتین بێھۆشە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 20/8/2020 ھەواڵی نیشتنەوەی لەناکاوی فڕۆکەیەک لە شاری ئومسکی رووسیای فێدرال، میدیاکانی روسیای تەنیووە و وتەبێژەكەشی دەڵێ "ژەھرخوارد كراوە".

کیرا یارمیش وتەبێژی ناڤالنی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی: "بەھۆی ژەهراوی بوونی ئەلێکسی ناڤالنی لەناکاو ئەو فڕۆکەیەی ناڤالنی تێدابوو  لە فڕۆکەخانەی ئۆمسکی روسیای فێدرال نیشتووەتەوە".

یارمیش، ئەوەی بۆ میدیاکانی رووسیا راگەیاند: "بڵاگەرەکە لە رێگای چای گەرمەوە ژەھرخوارد کراوە".

 وتەبێژەکە دەڵێت: "ناڤالنی تەنها بەیانی چای خواردووەتەوە".

 ئەوەشی خستووەتەڕوو، پزیشکەکان دەڵێن ژەهرەکە خێراتر لە شلەی گەرمدا هەڵمژراوە.

ساڵێک لەمەوبەر کاتێک ئەلێکسی ناڤالنی لە بنکەی دەستبەسەرکردندا دانیشتبوو، ژەهراوی بوو، بە ئاشکرا ئێستا هەمان کاریان لەگەڵ کردووە وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەداوە، ناڤالنی ئێستا  بێهۆشە.

نەخۆشخانەی ئۆمسک بۆ فریاکەوتنی پزیشکی ( BSMP ژمارە 1 ) ھەواڵی نەخۆشکەوتنی ناڤالنی  پشتڕاست کردەوە و دەڵێن ئێستا لەژێر چاودێری چڕ دایە.

ئەلێکسی ناڤالنی، لە دایکبووی 1976 رەخنەگر و نەیارێکی سەرسەختی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیایە.